"تائێستا حكومەتی عیراق چارەنوسی بێسەروشوێنكراوانی كەمینە نەتەوەیەكانی دیاری نەكردوە"

19/11/2019 عێراق

نەوا
قوسەی شەبەكی جێگری سەرۆكی لیژنەی مافەكانی مرۆڤی پەرلەمانی عیراق دەڵێت "تائێستا حكومەت چارەنوسی بێسەروشوێنكراوانی كەمینە نەتەوەییەكانی دیاری نەكردوە، كە لەسەردەمی رێكخراوی داعشدا بێسەروشوێنكراون"، تەئكیدیش دەكاتەوە داواكارییەكانیان هەمان داواكاریەكانی خۆپیشاندەرانە.
قوسەی شەبەكی لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتی "ئەو كەمینە نەتەوانەی لەسەردەستی داعش كۆمەڵكوژكران بەتایبەتی لەپارێزگای نەینەوا مافەكانیان لەلایەن حكومەتەوە پشتگوێخراو هیچ گوێی بەقەرەبوكردنەوەی زیانەكانیان نەداوە".
وتیشی "هەزارەها بێسەروشوێن هەیە و حكومەت هیچ رێوشوێنێكی نەگرتوەتەبەر، لەوبارەیەشەوە پرسیاری پەرلەمانتاران ئاراستەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران كراوە سەبارەت بە پرۆسەكانی گەڕان و دۆزینەوەیان، بەڵام هیچ جوڵەیەك نەكراوە".
سەبارەت بەداواكاری كەمینە نەتەوەكانیش پەرلەمانتارەكە جەختدەكاتەوە، كە هەمان داواكاریەكانی خۆپیشاندەرانە لەبارەی مافەكان و گۆڕانكاری سیاسی و لێپرسینەوە لە گەندەڵكاران.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group