عیراق چوارەم هاوردەكاری پێڵاو و بەرهەمەكانی دیكەی چەرمی توركیایە

08/12/2019 جیهان

نەوا
مستەفا شینوجاك سەرۆكی یەكێتی هەناردەكارانی بەرهەمەكانی چەرم لە توركیا ئاشكرایكرد، لەساڵی 2019دا هەناردەی پێڵاو و بەرهەمەكانی دیكەی چەرم بۆ دەرەوەی وڵات گەیشتوەتە ملیارێك و 550 ملیۆن دۆلار، بەپێی ریزبەندیەكەش عیراق چوارەم وڵاتی هاوردەكارە.
ئەو بەرپرسەی توركیا لەلێدوانێكدا وتویەتی "لەساڵی 2019دا توركیا بەبڕی ملیارێك و 550 ملیۆن دۆلار پێڵاوی هەناردەی 186 دەوڵەت كردوە و بەرهەمەكانی چەرمیشی هەناردەی نزیكەی 200 وڵات كردوە، پلانیش ئەوەیە بگەیەنرێتە 2 ملیار دۆلار".
ئاماژەی بەوەشداوە، هەناردەی پێڵاو و بەرهەمەكانی دیكەی چەرم بۆ یەكێتیی ئەوروپا و ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لەمساڵدا بەرزبونەوەی بەخۆیەوەبینیوە.
رونیشیكردوەتەوە، بەپێی ریزبەندی ئەو وڵاتانەی كەلوپەلی توركی هاوردە دەكەن، روسیا لەپلەی یەكەمدایەو لەساڵی 2019دا بەبڕی 170 ملیۆن دۆلار پێڵاو و بەرهەمەكانی دیكەی چەرمی كڕیوە، دوای ئەویش ئەڵمانیا بەبڕی 115 ملیۆن دۆلار و دواتریش ئیتاڵیا بە 113 ملیۆن دۆلار، عیراقیش بە 78 ملیۆن دۆلار لەپلەی چوارەمدایەو دواتر ئیسپانیا بەبڕی 66 ملیۆن دۆلار و كۆریای باشوریش بەبڕی 60 ملیۆن دۆلار دێت.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group