ئەیاد عەللاوی داوایەك ئاراستەی بەرهەم ساڵح دەكات

08/12/2019 عێراق

نەوا
ئەیاد عەللاوی سەرۆكی ئیئتیلافی وەتەنییە داوا لە بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار دەكات بەسیفەتی نوێنەری سەروەریی خاكی عیراق و پارێزەری دەستور رێوشوێنی بەپەلە بۆ دەرچونی عیراق لەم قەیرانەی ئێستا بگرێتەبەر.
ئەیاد عەللاوی لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاندوە، لەم بارودۆخە مەترسیدارەی ئێستای عیراق پێدا تێپەڕدەبێت، كە پێویستی بەوەیە بەزووترین كات ناوێك رابسپێردرێت بۆ سەرۆكایەتی حكومەتی داهاتوو، داوا لە بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار دەكەن دەستبكات بەگفتوگۆی چڕوپڕ لەگەڵ نوێنەری سەرجەم ئەو هێزە سیاسییانەی لە سەركوتكردنی خۆپیشاندەراندا دەستیان نەبوە و دژی رژێمی دیكتاتۆری پێشوو خەباتیان كردوە، سەرەڕای ئامادەبونی نوێنەرایەتی خۆپیشاندەران و یەكێتیەكان و سەندیكا پیشەییەكان.
ئاماژەی بەوەشداوە، ئەو هەنگاوە گرنگە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر كۆمسیۆن و یاسای هەڵبژاردنەكان، سەرۆك وەزیرانی داهاتو، رۆڵی حكومەتی كاربەڕێكەر و لێپرسینەوە لەوانەی بونەتەهۆی كۆمەڵكوژی خۆپیشاندەران، ئەو هەنگاوانەش بۆ دەركردنی وڵات لەم بارودۆخەی ئێستا پێویستن.
ئەیاد عەلاوی ئاماژەی بەوەشداوە: بارودۆخی ئێستا ئەوە دەخوازێت سەرۆك كۆمار كە نوێنەری سەروەریی عیراق و پارێزەری دەستورە رێوشوێنی خێرا بگرێتەبەر بۆ دەركردنی عیراق لەم قەیرانەی ئێستای و پاراستنی سیادە و یەكگرتویی نیشتمانی و راستكردنەوەی پرۆسەی سیاسی و چارەسەركردنی لادانەكان، كە چەند ساڵێكە رودەدات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group