خراپترین وڵاتان بۆ بەندكردنی رۆژنامەنوسان كامانەن؟

11/12/2019 جیهان

نەوا
لیژنەی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی رۆژنامەنوسان ئاشكرایكرد، چین، توركیا، سعودیە، میسر و ئێران ئەو وڵاتانەن، كە زۆرترین رۆژنامەنوس دەخەنە زیندانەكانیانەوە.
لیژنەی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی رۆژنامەنوسان لەراپۆرتێكدا بڵاویكردوەتەوە، دەسەڵاتدارە سەركوتكارەكانی وەك "شین جین بینگ، رەجەب تەیب ئەردۆغان، محەمەد بن سەلمان و عەبدولفەتاح سیسی" هیچ ئاماژەیەكیان پیشان نەداوە، كە سەركوتكردنی رۆژنامەنوسان و ئەو دەزگا راگەیاندنانەیان سوككردبێت، كە رەخنەیان لێدەگرن.
بەگوێرەی راپۆرتەكە، چین دەستی پۆڵاینی بەسەر میدیادا گرتوە، هەروەها توركیا رۆژنامەنوسان دادگایی دەكات و میدیای سەربەخۆ لەو وڵاتەدا بەتەواوەتی لاواز بوە، لەساڵی 2019دا ژمارەی رۆژنامەنوسە بەندكراوەكان لەژێردەستی دەسەڵاتە سەركوتكارەكان و لەمیانەی گرژیەكان و خۆپیشاندانەكاندا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقا زیادی كردوە.
بەپێی هەمان راپۆرت، سعودیەش لەگەڵ میسردا لە پلەی سێیەمی ئەو وڵاتانەدا دێن، كە زۆرترین رۆژنامەنوس دەخەنە زیندانەكانەوە، بەپێی سەرژمێریەكانی لیژنەكە نزیكەی 250 رۆژنامەنوس بەهۆی كارەكانیانەوە لەجیهاندا لەزیندانەكاندان، ساڵی رابردوش 255 رۆژنامەنوس لەزیندانەكاندا بوون، لە دوای هەریەك لە چین، توركیا، سعودیە و میسریش هەریەكە لە ئەریتیریا، ڤێتنام و ئێران دێت لە زیندانیكردنی رۆژنامەنوساندا.
لیژنەی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی رۆژنامەنوسان رونیشیكردوەتەوە، سەرەڕای كەمبونەوەی ژمارەی رۆژنامەنوسە زیندانیكراوەكان لە توركیا كە ساڵی رابردوو 68 رۆژنامەنوس بون و ئەمساڵ بۆتە 27، بەڵام ئەردۆغان سەركەوتوبوە لە سەركوتكردنی رۆژنامەنوسان و دەزگا راگەیاندنە سەربەخۆكان، چونكە زیاتر لە 100 دەزگای راگەیاندنی سەربەخۆی داخستوە و تۆمەتی تیرۆری داوەتە پاڵ ژمارەیەك رۆژنامەنوسیش.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group