بەڕێوەبەری پەروەردەی كەركوك داوای لێبوردن لە حەشدی شەعبی دەكات

14/12/2019 عێراق

نەوا
بەڕێوەبەری پەروەردەی كەركوك داوای لێبوردن لە هێزەكانی حەشدی شەعبی دەكات، دوای ئەوەی تۆمەتباری كردن بە فشار و هەڕەشەی هەڵكوتانە سەر فەرمانگە حكومییەكان، بەهۆی دۆسیەی دامەزراندنەوە.
بەپێی گرتەیەكی ڤیدۆیی كە لە پەیجەكانی سەر بە حەشدی شەعبی لە فەیسبوك بڵاوكراوەتەوە، عەبد عەلی حسێن توعمە بەڕێوەبەری پەروەردە، بە ئامادەبونی راكان جبوری، پارێزگاری كەركوك بە وەكالەت لە دانیشتنێكدا داوای لێبوردنەكەی دەگەیەنێت بە ئەبو رەزا نەجار، فەرماندەی میحوەری باكوری حەشدی شەعبی.
وەك لەو گرتە ڤیدیۆییەدا دەردەكەوێت، حسێن توعمە دەڵێت "داوای لێبوردن دەكات" بۆ هەر شتێك لەسەر حەشدی شەعبی وتوویەتی، پاشان ستایشی ئەو هێزە دەكات، لە پاراستنی ناوچەكانی عیراق بە گشتی و قوربانیدانی لە روبەڕوبونەوەی داعشدا.
بەڕێوەبەری پەروەردەی كەركوك  رۆژی پێنجشەممە 12ی كانونی یەكەم لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا حەشدی شەعبی تۆمەتباركرد بە هەڕەشەی هێرشكردنە سەر باڵەخانەی پەروەردە، ئەگەر ناوی دامەزرێنراوان بڵاوبكەنەوە.
بەهۆی ئەو لێدوانەشەوە رۆژی هەینی 13ی كانونی یەكەم ژمارەیەك خۆپیشاندەر، بە تەواوی رێگای نێوان كەركوك - بەغدایان لە نزیك ناحیەی تازە داخست، لە دژی تۆمەتباركردنی هێزەكانی حەشدی شەعبی بە دەستوەردانیان لە پرۆسەی دامەزراندن.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group