ئێران رەتیدەكاتەوە لە عێراق هێرشی كردبێتە سەر هێزەكانی ئەمریكا

14/12/2019 جیهان

نەوا
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران تۆمەتەكانی واشنتۆن لە بارەی رۆڵی  وڵاتەكەی لە هێرشی سەر بنكە سەربازیەكانی ئەمریكا لە عێراق رەتدەكاتەوە.
عەباس موسەوی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە  كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا  لەبارەی وتەكانی مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاندووە"تۆمەتباركردنی تاران بە هێرشكردنە سەر كۆمپانیای ئارامكۆ و ئەو هێرشانەی كراونەتە سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە عێراق، تەنیا بانگەشەیەكی بێبنەمایە و لە داهاتووشدا ئەو راستییە بۆ ئەمەریكییەكان دەردەكەوێت، كە لەو تۆمەتباركردنەی ئێران هەڵەبوون".
 باسی لەوەشكرد، تاران باش دەزانێت "ئاسانترین كار بەلای ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكاوە تۆمەتباركردنی ئێرانە".
لە ماوەی رابردوودا بنكە سەربازیەكانی ئەمریكا لە نەینەوا، ئەنبار و سەڵاحەدین هێرشی موشەكی كرایە سەر و چەند جارێكیش موشەك لە نزیك باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لە بەغدا كەوتەخوارەوە و لەو بارەشەوە مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند، پەیامی رونیان داوەتە تاران ئەگەر ئەو وڵاتە یان هاوپەیمانەكانی هێرش بكەنەوە سەر بەرژەوەندیەكانی واشنتۆن لە عێراق بە توندی بەرپەرچیان دەدەنەوە.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group