"بەهۆی ئێرانەوە هەڵەبجە گرفتی ماتۆڕسكیلی بێ سەرەتای زۆرە"

14/01/2020

نەوا-لاڤە كوردە 
ماتۆڕسكیلە بێ سەرەتاكان گرفتیان بۆ بەڕێوەبەرایەتیەكانی هاتوچۆ دروستكردوە، هەروەها بونەتە دروستبونی لۆد بۆ شەقامەكان و هاووڵاتیانیش بەهۆی بێزاربونیانەوە بە تایبەت لە ناو كۆڵان و گەڕەكەكاندا زۆركات سكاڵا دەكەن، سەرەڕای ئەوەی هەڵمەتی دەستبەسەركردنیشیان هەیە، بەڵام نەتوانراوە كۆتاییان پێبهێنرێت، بەڕێوەبەری هاتوچۆی هەڵەبجەش دەڵێت "ناتوانین ماڵ بە ماڵ بگەڕێین بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئەو ماتۆڕانە".

دەربارەی هەڵمەتەكانیان بۆ دەستبەسەرداگرتنی ماتۆڕسكیلە بێ سەرەتاكان لە پارێزگای هەڵەبجە و چارەسەری ریشەیی بۆ ئەو دیاردەیە، عەمید حەسەن عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری هاتوچۆی پارێزگاكە لە بەرنامەی "شەقام"ی رادیۆ نەوادا وتی "ئەو ماتۆڕسكیلانە بونەتە دیاردە لە هەرێمی كوردستاندا و فراوان بوە، ئەو ماتۆڕسكیلە بێ سەرەتاو بێ مۆڵەتانە زۆرجار دەبنە گرفت بۆ هاووڵاتیان، هەڵبەتە بەهۆی ئەوەی هەڵەبجە هاوسنورە لەگەڵ ئێران لێرە زیاترە و ئەوەی پێمانكراوە زۆرجار هەڵمەتمان كردوە و رێككارمان گرتۆتەبەر، بەڵام چارەسەری ریشەیی نەكراوە بەهۆی ئەوەی میلاكمان كەمە و ماتۆڕسكیلیش وەك ئۆتۆمبێل نییە بازگەی بۆ دابنێیت، بەڵكو دەبێت ماڵ بە ماڵ بگەڕێیت، هەروەها توشی كێشەی كۆمەڵایەتیمان دەكات".

بۆ چارەسەری ریشەیی دیاردەكەش، بەڕێوەبەری هاتوچۆی هەڵەبجە وتی "پێشنیارمان بۆ وەزارەتی ناوخۆ كردوە و داوامانكردوە ئەوانەی دەیانگرێتەوە ژمارەیان پێبدرێت ئەوكات كارەكە بۆ بەڕێوەبەرایەتییەكانی هاتوچۆ ئاسان دەبێت".
 چالاكوانێكی بواری هاتوچۆش پێیوایە لە هەرێمی كوردستان سیستمێك نییە بۆ لێخوڕەكان بە هەموو جۆرەكانیەوە.

گەردون عوسمان چالاكوانی بواری هاتوچۆ بۆ بەرنامەی شەقام وتی "پێش هەموو شتێك دەبێت سیستم رێكبخرێت بۆ لێخوڕەكان، ئۆتۆمبێل بێت یاخود ماتۆڕسكیل، بەڵام بەداخەوە لە هەرێم سیستمێكی تۆكمە نییە لەبەرئەوە پێویستە مۆڵەتی شۆفێریی بەجۆرێك بێت شۆفێری باش بەرهەمبهێنێت بۆئەوەی لەسەر شەقام بێزاركەر نەبن و رێز لە یاسا و رێساكان بگرن".


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group