ئێران نەیتوانی زانیارییەكانی ناو سندوقە رەشەكەی فڕۆكە ئۆكرانییەكە بخوێنێتەوە

19/01/2020 جیهان

نەوا
ئێران نەیتوانی زانیارییەكانی نێو سندوقە رەشەكانی فڕۆكە ئۆكرانییەكە بخوێنێتەوە.
حەسەن رەزائیفەڕ سەرۆكی دەستەی لێكۆڵینەوە لە رووداوی خستنەخوارەوەی فڕۆكە ئۆكرانییەكە رایگەیاند، لە تاران نەتوانراوە زانیارییەكانی سندووقە رەشەكانی فڕۆكەكە بخوێنرێنەوە و لەگەڵ شارەزایانی كەنەدا، فەرەنسا و ئەمریكا هەوڵدەدەن لە شاری كیێڤی پایتەختی ئۆكرانیا زانیارییەكان دەربهێنن.
حەسەن رەزائیفەڕ ئەوەیشی خستەڕوو، ئەگەر ئەو كارە لە ئۆكرانیا سەركەوتوو نەبوو، ئەوا سندووقەكان رەوانەی فەرەنسا دەكرێن.
لە سەرەتای خستنەخوارەوەی فڕۆكەكەدا ئێران رەتیكردەوە سندووقە رەشەكان رەوانەی دەرەوەی وڵاتەكەی بكات، جەستن ترودۆ سەرۆكوەزیرانی كەنەداش كە گوشار دەخاتە سەر ئێران بۆ بەڕێوەچوونی لێكۆڵینەوەی دروست و چڕ لە رووداوەكە، داوای لە ئێران كردبوو سندووقەكان رەوانەی فەرەنسا بكات، چونكە 57 هاووڵاتی كەنەدی لە نێو فڕۆكەكەدا بون و دەیەوێت بزانێت چی رویداوە.
سەرۆكوەزیرانی كەنەدا ئاماژەی بەوە كردبوو، فەرەنسا یەكێكە لەو چەند وڵاتە كەمەی جیهان كە توانای شیكردنەوەی زانیارییەكانی نێو سندووقە رەشەكانی هەیە، بەتایبەتی ئەوانەی زیانی ئێجگار زۆریان پێگەیشتووە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group