پلاسخارت: نابێت پێشهاتە جیۆسیاسییەكان كاریگەرییان لەسەر داواكارییەكانی خەڵك هەبێت

20/01/2020 عێراق

نەوا
جێنین پلاسخارت نێردەی تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عیراق دوپاتیدەكاتەوە، نابێت پێشهاتە جیۆسیاسییەكانی ئەم دواییە كاریگەرییان لەسەر داواكارییە رەواكانی گەلی عیراق هەبێت.
پلاسخارت راگەیەندراوێكی لەبارەی دووبارە هەڵكشانەوەی خۆپیشاندانەكانی عیراق بڵاوكردەوە، دەڵێت، كوشتن و برینداركردنی خۆپیشاندەرانی ئاشتییانە و چەندین بەڵێنی جێبەجێنەكراوی ساڵانی رابردوو، بوونەتە هۆی سەرهەڵدانی قەیرانێكی گەورەی متمانە.
نێردەی تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان رەخنەی ئەوەش لە سەركردە سیاسییەكانی عیراق دەگرێت، كە دوای دوو مانگ لە دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی، نەیانتوانیوە رێكبكەون لەسەر رێگەچارەیەك بۆ بەردەوامبوون و بەرەوپێشچوون، لەكاتێكدا هەموو لایەك دانیان بە گرنگیی چاكسازیی بەپەلەدا ناوە.
پلاسخارت دەشڵێت "یەكڕیزیی ناوخۆیی و سوربون زۆر پێویستن بۆ وەستانەوە لە بەرانبەر بەرژەوەندییە حیزبییە تەسكەكان و دەستوەردانی بێگانە و ئەو تاوانكارانەی دەیانەوێت ئارامیی عیراق بشێوێنن".
نێردەی تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان ترسی لەوەش هەیە هەڵكشانە سیاسی و سەربازییەكانی ئەم دواییەی عیراق و ناوچەكە كاریگەرییان لەسەر خۆپیشاتدانەكانی و داواكارییەكانی خەڵك هەبێت، بۆیە دووپاتیكردۆتەوە "نابێت پێشهاتە جیۆسیاسییەكانی ئەم دواییە كاریگەرییان لەسەر داواكارییە رەواكانی گەلی عیراق هەبێت، چونكە كارێكی وا دەبێتە هۆی توڕەیی و بێمتمانەیی زیاتر".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group