بەهۆی ڤایرۆسە نوێیەكەوە رێكخراوی تەندروستی جیهانی بەپەلە كۆدەبێتەوە

21/01/2020 جیهان

نەوا
رێكخراوی تەندروستیی جیهانی ئاشكرایكرد، رۆژی چوارشەممە كۆبونەوەیەكی بەپەلە لەسەر ڤایرۆسە نوێیەكەی چین دەكات و تێیدا گفتوگۆ لەسەر ئەوە دەكرێت ئایا ئەو ڤایرۆسە حاڵەتێكی فریاكەوتنی خێرایە لەبواری تەندروستی جیهانیدا لەسەر ئاستێكی فراوان یاخود نا.
رێكخراوی تەندروستی جیهانی لەبەیاننامەیەكدا بڵاویكردوەتەوە: ئەمڕۆ لیژنەی فریاكەوتنی خێرا لەشاری  جنێفی سویسرا كۆبونەوەیەكی بەپەلە ئەنجام دەدات لەپێناو ئەوەی بزانن بڵاوبونەوەی ڤایرۆسە نوێیەكەی چین روداوێكی فریاگوزاری خێرایە لەبواری تەندروستی گشتی لەسەرئاستێكی فراوانی نێودەوڵەتی یاخود نا.
بەپێی زانیاریەكان ڤایرۆسە نوێیەكەی چین كە جۆرێكی نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنایە گەیشتوەتە وڵاتەكانی ژاپۆن و كۆریای باشوریش، كە دەبێتەهۆی هەوكردنی سییەكان و كۆكەی توندو هەڵامەت و سەرئێشە و بەشێوەیەكی گشتی كێشە لە سیستمی هەناسەداندا دروستدەكات.
سەرچاوە پزیشكیەكان ئاشكرایانكردوە، كۆرۆنا نوێیەكە لەرێگەی پژمین و دەستلێدان لەكەسی توشبوەوە دەگوازرێتەوەو تائێستا زیاتر لە 198 كەس توشبون و چواریان گیانیان لەدەستداوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group