سەدر داوای داخستنی بنكەسەربازیەكانی ئەمریكا دەكات

24/01/2020 عێراق

نەوا
سەرۆكی رەوتی سەدر داوای داخستنی بنكەسەربازیەكانی ئەمریكا و كۆمپانیا ئەمنیەكانی ئەو وڵاتە لە عێراق دەكات.
هاوكات لە گەڵ بەڕێوەچوونی خۆپیشاندان لە دژی هێزەكانی ئەمریكا، موقتەدا سەدر راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە، كە تیایدا هاوتووە، نابێت چیتر سەروەری خاكی عێراق پێشێل بكرێت و باسی لە پێویستی رێگری كردن لە دەستوەردانی دەرەكی و گۆڕینی وڵاتەكە بە گۆڕەپانی یەكلاییكردنەوەی ململانێی وڵاتان كردووە.
سەدر لەو راگەیەنراوەدا داوای كردووە، سەرجەم بنكە سەربازیەكانی ئەمریكا و كۆمپانیا ئەمنیەكانی ئەو وڵاتە لە عێراق دابخرێن.
هەروەك داوای داخستنی كایەی ئاسمانی عێراقیشی كردووە بە رووی فڕۆكە جەنگی و هەواڵگریەكانی ئەمریكا و هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم رێككەوتنە ئەمنیەكان لەگەڵ ئەمریكاشی بە پێویست زانیوە.
سەرۆكی رەوتی سەدر لە بەشێكی تری راگەینراوەكەیدا داوای تێكەڵكردنی حەشدی شەعبیشی كردووە لەگەڵ هێزەكانی وەزارەتی بەرگری و لەهەمان كاتدا ئاماژەی بەوەشكردووە، كە لە ئەگەری نەهاتنەدی ئەو ئامانجە حەشدی شەعبی بە تەواوەتی لە ژێر فەرمانی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكاندا بێت.
سەدر باسی لەوەشكردووە بۆ هێنانەدی ئامانجەكانیان بە شێوەیەكی ئاشتیانە سەرجەم رێكارە مەدەنی، سیاسی و ئابورییەكان دەگرنەبەر.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group