فەتح: دوای گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح كاندیدی سەرۆك وەزیران رادەسپێردرێت

24/01/2020 عێراق

نەوا
پەرلەمانتارێكی هاوپەیمانی فەتح ئاشكرایكرد، لە دوای گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق راسپاردنی كاندیدی سەرۆكی نوێی ئەنجومەنی وەزیران كۆتایی دێت.
فازڵ فەتلاوی ئەندامی هاوپەیمانی فەتح لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند،  "لەئێستادا رێككەوتنی سیاسی لەنێوان سەرجەم كوتلەو سەركردەی لایەنە سیاسیەكان كراوە، بۆ كۆتاییهێنان بەململانێكانی دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران، بۆ ئەوەی حكومەتی نوێ بەشێوەیەكی كاتی پێكبهێندرێت".
پەرلەمانتارەكەی هاوپەیمانی فەتح باسی لەوەشكرد، "لە دوای گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح لە داڤۆس كاندیدی سەرۆك وەزیران بۆ پێكهێنانی حكومەت رادەسپێردرێت".
سەرەتای مانگی رابردوو پەرلەمانی عێراقی نامەی دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆكی وەزیرانی پەسەند كرد، سەرباری تێپەڕبوونی ماوەی دیاریكراوی یاسایی بەڵام بە هۆی ناكۆكی سیاسی لایەنەكانەوە تا ئێستا كاندیدێك بۆ ئەو پۆستە دیارینەكراوە.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group