ترامپ گرێبەستی سەدەی راگەیاند

28/01/2020 جیهان

نەوا
سەرۆكی ئەمریكا پڕۆژەی ئاشتی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی راگەیاند، كە بەوتەی ئەو كۆتایی بە كێشەی مێژوویی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین دەهێنێت.
دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ بنیامین ناتانیاهو سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، پڕۆژەی ئاشتی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست كە بە گرێبەستی سەدە ناسراوە ئاشتی راستەقینە دێنێتە دی.
بەپێی پڕۆژەكە قودس یان ئورشەلیم دەبێتە پایتەختی ئیسرائیل و دەوڵەتێكی فەلەستینیش رادەگەیەنرێت.
لەو رووەوە ترامپ وتی، بۆ یەكەمجارە ئیسرائیل بە رێگەچارەی دروستبوونی دەوڵەتی فەلەستینی رازی بێت.وتيشی، بوێری بنیامین ناتانیاهوو جێگەی پێزانینە.
هەر بە گوێرەی پڕۆژەكە بەشێكی زۆری كەرتی خۆرئاوا كە ماوەی 52 ساڵە لە لایەن ئیسرائیلەوە دەستی بەسەرداگیراوە دەدرێتە ئەو وڵاتە و قودسی خۆرهەڵاتیش وەك پایتەختی فەلەستین دەناسێنرێت.
هاوكات بە گوێرەی گرێبەستی سەدە بڕی 50 ملیار دۆلار دەدرێتە فەلەستینیەكان بۆ بونیادنانی ژێرخانی ئابوری و رەخساندنی هەلیكار و بەرەوپێشبردنی وڵاتەكە.
سەرۆكی ئەمریكا جەختیشی كردەوە، كە گرێبەستەكە لە بەرژەوەندی هەردوولادایە و تاكە چانسی فەلەستینیەكانە بۆ گەیشتن بە خەونی دەوڵەتی سەربەخۆ و سەقامگیری.
هەرچی دەسەڵاتداران و هاوڵاتیانی فەلەستینین پڕۆژەكەیان رەتكردۆتەوە و دژی وەستاونەتەوە.




شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group