دوو پرسیار ئاراسته‌ى سه‌رۆك كۆماری عیراق ده‌كرێت: كێ تۆى راسپاردوه‌ تا گفتوگۆ بكه‌یت؟

03/03/2020 عێراق

نه‌وا
عه‌نان فه‌یحان سه‌رۆكى فراكسیۆنی سادقون له‌ په‌رله‌مانى عیراق دوو پرسیار ئاراسته‌ى به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆمار ده‌كات و ته‌ئكیدیش ده‌كاته‌وه‌ ده‌ستوه‌ردان له‌ گفتوگۆكانى دیاریكردنى شوێنگره‌وه‌یه‌ك بۆ محه‌مه‌د تۆفیق عه‌للاوى دیمه‌نه‌كه‌ ئاڵۆزتر ده‌كات.
فه‌یحان له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا به‌ سه‌رۆك كۆمار ده‌ڵێت "سه‌رپێچیكردنت له‌ ده‌ستور بوه‌هۆى زیاتر ئاڵۆزكردنى دیمه‌نى سیاسى له‌كاتێكدا عیراق به‌ بارودۆخێكى هه‌ستیاردا تێپه‌ڕده‌بێت، هه‌روه‌ها دوباره‌ ده‌ستوه‌ردان له‌ گفتوگۆكانى دیاریكردنى شوێنگره‌یه‌وه‌ك بۆ عه‌للاوى دیمه‌نه‌كه‌ زیاتر ئاڵۆز ده‌كات".
هه‌روه‌ها پرسیارى ئه‌وه‌شی لێده‌كات، ئایا ده‌ستور مافى گفتوگۆ و پێشنیارى پاڵێوراوانى پێداویت؟ ئه‌و ماده‌یه‌ى ده‌ستورمان پێ بڵێ، كه‌ ئه‌و مافه‌ى پێداویت.
سه‌رۆكى فراكسیۆنی سادقون پرسیارى ئه‌وه‌ش ئاراسته‌ى سه‌رۆك كۆمار ده‌كات "ئه‌گه‌ر پۆستى سه‌رۆك وه‌زیران مافى پێكهاته‌ى شیعه‌ بێت به‌پێى عورفه‌كان، كه‌ پرۆسه‌ى سیاسی له‌سه‌ر بنیادنراوه‌، كام له‌ هێزه‌ شیعیه‌كان تۆى سه‌رپشككردوه‌ بۆئه‌وه‌ى له‌برى ئه‌وان گفتوگۆ بكه‌یت؟".
محه‌مه‌د تۆفیق عه‌للاوى له‌ 1-2-2020 له‌لایه‌ن سه‌رۆك كۆماره‌وه‌ راسپێردرا بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت، به‌ڵام دواى 30 رۆژ و گفتوگۆ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كاندا نه‌یتوانى سه‌ركه‌وتو بێت و داواى لێبوردنى له‌ راسپاردنه‌كه‌ى كرد، به‌پێى ده‌ستوریش پێویسته‌ له‌ماوه‌ى 15 رۆژدا سه‌رۆك كۆمار كه‌سێكى دیكه‌ رابسپێرێت و ئه‌مڕۆ (سێشه‌ممه‌)ش گفتوگۆكانی ده‌ستپێكرد.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group