وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی عیراق: كشانەوەكانی ئەمریكا كاریگەریی نەرێنیی نەبووە

02/04/2020 عێراق

نەوا
یەحیا رەسول وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی عیراق دوپاتیدەكاتەوە، كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە بنكە سەربازییەكان كاریگەریی لەسەر ئاسایشی وڵات نەكردووە، هیچ حاڵەتێكی توشبونی كۆرۆناش لەناو ریزەكانی سوپای عیراقدا تۆمارنەكراوە.
وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی عیراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا باسی لە كاریگەریی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە چەند بنكەیەكی سەربازیی كرد، دەڵێت، ئەو كشانەوانە كاریگەریی لەسەر ئاسایشی وڵات نەكردووە، بەو پێیەی سوپای عیراق خاكی وڵاتی كۆنترۆڵكردووە و توانا و ئامادەیی زۆری بۆ لەناوبردنی پاشماوەی چەكدارانی داعش هەیە.
سەبارەت بە توشبونی سەربازانی سوپای عیراق بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، یەحیا رەسول وتی، تاوەكو ئێستا هیچ سەربازێك لەناو ریزەكانی سوپا توشی كۆرۆنا نەبووە، رێكاری دروستیش گیراوەتەبەر، ئەمە سەرەڕای ئەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا كاریگەری لەسەر پاشماوەی چەكدارانی داعش كردووە و ژمارەی هێرشەكانی كەمكردووەتەوە، هەرچەندە بەشێكی ئەو كەمبونەوەیە پەیوەندی بە ئۆپەراسیۆنە پێشوەختەكانی سوپای عیراقەوە هەیە.
تا ئێستا سوپای ئەمریكا لە سێ بنكەی سەربازیی عیراق كشاوەتەوە، ئەوانیش بریتین لە كەی وەن-ی كەركوك و قائیم لەسەر سنوری سوریا و گەیارە لە نەینەوا.
 


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group