نەوا
وەزارەتی تەندروستیی حكومەتی هەرێمی كوردستان 12 توشبوی نوێی كۆرۆنای لە شاری هەولێر راگەیاند.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكەی وەزارەتەكە، كە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ (پێنجشەممە 28-5-2020) بڵاویكردوەتەوە، لە بەردەوامی پشكنینەكان و گەڕان بەدوای گومانلێكراوان، 12 توشبوی دیكەی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ COVID-19 لە پارێزگای هەولێر دەستنیشانكراون.
ئاماژەی بەوەشكردوە، توشبوەكان پێنج پیاو و پێنج ئافرەت و دوو كچی گەنجن، حەوت لەو توشبوانە بەركەوتوی توشبوانی پێشوون، پێنج كەسەكەی دیكەش بەهۆی بونی نیشانەكانی نەخۆشی، سەردانی نەخۆشخانەیان كردوە.
هەروەها ئەوەشی رونكردوەتەوە، شەش لە توشبوان دانیشتوی ناحیەی عەنكاوەن، شەش توشبوی دیكەش دانیشتوی گەڕەكەكانی گوڵان، كامەران ستی، كۆمەڵگای پیرزین و بنەسڵاوەن.