هۆشداری لە روخانی سیستمی تەندروستیی عیراق دەدرێت

06/06/2020 عێراق

نەوا
حەسەن كەعبی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانی عیراق هۆشداری دەدات لە ئەگەری روخانی سیستمی تەندروستیی عیراق ئەگەر هاووڵاتیان پابەندنەبن بە رێنماییەكانی بەرەنگاربونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.
كەعبی لەبەیاننامەیەكدا داوای لە لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی نیشتمانی و وەزارەت و دامەزراوەكان كردوە هاریكاری بەپەلە بكەن لەپێناو خێراكردنی دابینكردنی شوێن بۆ وەرگرتنی توشبوانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ماوەی داهاتودا، بەتایبەتی كە ژمارەی توشبوان بەربەستی هەزار كەسی تێپەڕاندوە.
داواشی لە هەموان كردوە، كارمەندانی تەندروستی بپارێزن و هانیان بدەن بەهەموو رێگەیەك، چونكە ئەوان پاڵەوانی ئەم شەڕەن.
جێگری سەرۆكی پەرلەمان داواشی لە وەزارەتی تەندروستی كردوە دەستبكات بە جێبەجێكردنی رێوشوێنەكان بەخێرایی بەشێوەیەك لەگەڵ قەبارەی مەترسی ئێستا بگونجێت، لە گرنگترینیشیان دابینكردنی جێگا و زیادكردنی پشكنینەكان و زیادكردنی هەڵمەتە مەیدانیەكان بەتایبەتی لەو ناوچانەی توشبویان زۆرە، هەروەها بڵاوكردنەوەی هۆشیاری سەبارەت بە پابەندبون بە قەدەغەی هاتوچۆ و مانەوە لە ماڵەوە و دوركەوتنەوەی كۆمەڵایەتی.
ئاماژەی بەوەشداوە، پابەندنەبون بە یاساكانی قەدەغەی هاتوچۆ و هاریكاری نەكردن لەگەڵ دەزگا ئەمنیەكان و كارمەندانی تەندروستی دەبێتەهۆی لەدەستدانی ژمارەیەكی زۆر لە هاووڵاتیان و دەگەینە قۆناغی روخانی سیستمی تەندروستی بە تەواوەتی، ئەگەر گوێنەدان بە مەترسیی پەتاكە بەردەوام بێت.
تەئكیدیشی كردوەتەوە، جێبەجێكردنی قەدەغەی هاتوچۆ جا گشتگیر بێت یان رێژەیی هیچ سودێكی نییە و ئامانجی خۆی ناپێكێت ئەگەر هاووڵاتیان هەست بە بەرپرسیارێتی و مەترسی لەسەر خۆیان و وڵاتەكەیان نەكەن.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group