وتەبێژی كەجەكە ژمارەی كوژراوانی سوپای توركیا ئاشكرا دەكات

27/06/2020

نەوا
زاگرۆس هیوا، وتەبێژی كۆمیتەی پەیوەندی دەرەوەی كەجەكە، ئاماژە بەوەدەكات، كە لە هەفتانین و خواكورك، بە درێژایی 300 كیلۆمەتر شەڕ لەنێوان گەریلا و سوپای توركیا هەیە.
زاگرۆس هیوا لە لێدوانێكدا بۆ دەنگی ئەمریكا وتیشی: بەپێی ئامارەكانی هەپەگە هەتا ئێستا 100 سەربازی تورك لەو شەڕەدا كوژراون، ئاماژەی بەوەشكردووە، كە گەریلا لەناو خەڵكدا نامێنێتەوە و هەرێمی خۆی هەیە، دەوڵەتی تورك بە مەبەست هاوڵاتیان بۆردوومان دەكات.
وتەبێژی كۆمیتەی پەیوەندی دەرەوەی كەجەكە باسی لەوەشكرد، سوپای توركیا بە هەموو جۆرە چەك و تەقەمەنی و تەكنەلۆژیای مودێرن هێرش دەكاتە سەر سروشت و گەلی كورد و گەریلاكان دەكاتە ئامانج كە لە چوارچێوەی پلانی گشتی ئەردۆغان و دەوڵەتی توركیادایە كە دەخوازێ دەسەڵاتێكی عوسمانی نوێ لە هەرێم دروست بكات.
زاگرۆس هیوا ئاماژەی بەوەشكرد: لەو هێرشانەی ئەو دواییانەدا زیانەكانی گەریلاكان كەمن، چونكە گەریلاكان خۆیان نوێكردووەتەوە و بەشێوازێكی مودێرن و سەردەم خۆی ڕێكخستووە، ئەگەر دەوڵەتی تورك هاتبێت و هەندێك شوێنیشی گرتبێت گەریلاكانیش لەو شوێنانە هەن و لە سەربازەكانی توركیا دەدات.
سەبارەت بە هەڵوێستیان لەسەر هێرش و بۆردوومانی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان كە بەو هۆیەوە چەندین كەس گیانی لەدەستداوە و توشی زەرەر و زیانێكی زۆری ماڵیش هاتوون دەڵێت " هەر وڵاتێك هێرشی سەر هەرێمی كوردستان بكات ئێمە شەرمەزاری دەكەین و هەڵویستمان هەبووە و ئەو هێرشەی كە ئێستاش دەكرێت بەهەماهەنگی لەنێوان توركیا و ئێران دروست بووە چونكە ئێرانیش لەسەر سنوور ئۆپەراسیۆنێكی فراوانی لە دژی هێزە ئازادیخواز و شۆڕشگێڕەكان دەستپێكردووە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group