نەوا
پەرلەمانتارێكی ئۆپۆزسیۆنی توركیا رەخنە لە سەرۆكایەتیی وڵاتەكەی دەگرێت، بەهۆی بڵاوكردنەوەی نەخشەی بوونی هێزەكانی لە خاكی عیراقدا، پێی وایە ئەو هەنگاوە شەرعیەت دەدات بە وڵاتانی دیكە هەمان كار لەگەڵ توركیا بكەن.
دوای ئەوەی بەڕێوبەرێتیی پەیوەندییەكان لە سەرۆكایەتیی كۆماری توركیا نەخشەیەكی دابەشكراوی عیراقی بڵاوكردەوە و دۆخی گشتیی عیراق و شوێنی بونی هێزەكانی توركیای لە خاكی عیراق و هەرێمی كوردستان ئاشكراكردبوو، ئایتون چیرای پەرلەمانتاری پارتی "چاكە"ی ئۆپۆزسیۆن، كە هاوكات سەرۆكی لیژنەی سیاسەتی ئاسایشی نیشتمانییە لە پەرلەمانی توركیا، رەخنە لەو هەنگاوەی سەرۆكایەتیی وڵاتەكەی دەگرێت و بە هەنگاوێكی مەترسیداری وەسفدەكات.
ئەو پەرلەمانتارەی توركیا دەڵێت، هەنگاوێكی لەو شێوەیە شەرعیەت دەدات بە وڵاتانی دیكە هەمان كار بەرامبەر بە توركیا بكەن، ئەمە جگە لەوەی بڵاوكردنەوەی ئەو نەخشە دابەشكراوە، پێچەوانەی هەڵوێستی راگەیەندراوی ئەنقەرەیە، كە رایگەیاندووە پشتگیریی یەكپارچەیی خاكی عیراق دەكات.