بەرپرسێكی WHO: پێش بەردەستبونی ڤاكسین گیانلەدەستدان بە كۆرۆنا دەگاتە 2 ملیۆن كەس

26/09/2020 جیهان

نەوا
ژمارەی ئەو كەسانەی بەهۆی پەتای كۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە، لە یەك ملیۆن نزیكدەبێتەوە، بەرپرسێكی تەندروستیی جیهانیش پێشبینی دەكات، تاوەكو بەردەستبوونی ڤاكسین، ژمارەكە بگاتە 2 ملیۆن قوربانی.
مایك رایان سەرۆكی بەشی فریاگوزاری لە رێكخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) هۆشداری دەدات لە زیاتربوونی ژمارەی قوربانیانی ڤایرۆسی كۆرۆنا، پێی وایە پێش ئەوەی ڤاكسینێكی كاریگەری دژەكۆرۆنا بەردەستبێت، ژمارەی ئەو كەسانەی گیانلەدەستدەدەن دەگەنە 2 ملیۆن كەس، تەنانەت ئەگەر هەماهەنگی و هەوڵە نێودەوڵەتییەكان بۆ بەرگرتن لە پەتاكە پتەوتر نەكرێن، بۆی هەیە ژمارەكە لەوەش زیاتر بێت.
رایان بەجۆرێك لە گلەییەوە، داوای لە ئەوروپییەكان كرد پرسیار لەخۆیان بكەن، رێكاری پێویستیان گرتوەتەبەر بۆئەوەی دووبارە داخستنی گشتی رونەداتەوە؟ یان هەموو جێگرەوەكانی دیكەی وەك بەكارهێنانی دەمامك و دەستشوشتن و دوركەوتنەوەی كۆمەڵایەتی و كەرەنتین گیراوەتەبەر؟.
هۆشدارییەكەی ئەو بەرپرسەی (WHO) لەكاتێكدایە، لە ئەوروپا ژمارەی توشبوانی كۆرۆنا دوبارە بەرەو هەڵكشان رۆیشتوە، بەتایبەت لە ئیسپانیا و فەرەنسا و چەند وڵاتێكی دیكە.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group