وەزیری دارایی عیراق: دوو هۆكار وڵاتی گەیاندە ئەم بارودۆخەی ئێستا

19/10/2020 عێراق

نەوا
عەلی عەللاوی وەزیری دارایی عیراق دەڵێت "خراپی ئیدارەدان و پشتبەستنی تەواوەتی بە نەوت، عیراقی گەیاندوەتە ئەم رۆژەی ئێستا".
عەللاوی لە بەیاننامەیەكدا هێمای بۆ ئەوەكردوە، چارەسەركردنی ئاڵنگاریە ئابورییە گرنگەكان ئاسان نییە و قەیرانەكانی ئێستا لەدایكبوی ئەمڕۆ نین و پەیوەندییان بە حكومەتی ئێستا و رێوشوێنەكانیەوە نییە، بۆیە پێویستە چاكسازی راستەقینە و بنچینەیی و پلانی ماوە درێژ هەبێت بۆ تێپەڕاندنیان، پێویستە دەسەڵاتەكانی یاسادانان و جێبەجێكردن یەكتر تەواوبكەن.
جەختیلەوەشكردوەتەوە، ئامانج لە "پەڕەی چاكسازی"ی حكومەت گێڕانەوەی باڵانسە بۆ ئابوریی عیراق، كە رێگە بە دەوڵەت دەدات هەنگاوی گونجاو بنێت بۆ داهاتو و گەشەپێدانی ئابوریی، بەشێوەیەك دەرفەت بگونجێنێت بۆئەوەی هاووڵاتی ژیانێكی شایستە بژی.
وەزیری دارایی عیراق پێیوایە، خراپی ئیدارەدان و پشتبەستنی تەواو بە داهاتی نەوت، وڵاتی گەیاندوەتە ئەم بارودۆخەی ئێستا، بەڵام هەوڵی چارەسەركردنی دەدەن، ئەوەش لەرێگەی كاركردن دەبێت بۆ چالاككردنی كەرتەكانی كشتوكاڵا، پیشەسازی، گەشتیاری، وەبەرهێنان و چەندین كەرتی دیكە لەپێناو دابینكردنی داهات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group