رۆژنامەیەكی ئەمریكی: بن سەلمان و ناتانیاهو كۆبونەتەوە

28/11/2020 جیهان

نەوا
رۆژنامەیەكی ئەمریكی بەڕێوەچوونی كۆبونەوەیەكی نهێنیی محەممەد بن سەلمان و بنیامین ناتانیاهو دوپاتدەكاتەوە، تایبەت بووە بە ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان سعودیە و ئیسرائیل، شازادە سعودییەكە لەبەر چەند هۆكارێك لەگەڵ ئەوەدا نییە لەئێستادا پەیوەندییەكان ئاسایی ببنەوە.
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریكی، لە زاری چەند بەرپرسێكی ئەمریكی و سعودی، باس لە بەڕێوەچونی كۆبوونەوەیەكی نهێنیی لەنێوان بنیامین ناتانیاهو سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل و محەمەد بن سەلمان شازادەی سعودیە دەكات، كە بەوتەی سەرچاوەكان، لە خاكی سعودیەدا بەڕێوەچووە.
پێشتر چەند كەناڵێكی میدیایی ئیسرائیل باسیان لە سەردانی ناتانیاهو بۆ سعودیە كردبوو و سعودیە هەواڵەكەی رەتكردەوە، بەڵام رۆژنامە ئەمریكییەكە دوپاتیدەكاتەوە، رۆژی یەكشەممەی رابردوو ناتانیاهو بە فڕۆكەیەكی تایبەت بەرەو ناوچەی كەنار دەریای سوور لە رۆژئاوای سعودیە فڕیوە و لەوێ لەگەڵ محەمەد بن سەلمان كۆبووەتەوە.
بە وتەی سەرچاوە ئەمریكییەكە، كۆبوونەوەكە لە نیوەشەودا كراوە و پێنج كاتژمێری خایاندووە، بەڵام بن سەلمان رازینەبووە لە ئێستادا پەیوەندییەكانی تەلئەڤیڤ و ریاز ئاسایی بكرێتەوە.
بە وتەی سەرچاوە سعودیەكە، كە قسەی بۆ وۆڵ ستریت جۆرناڵ كردووە، یەكێك لە هۆكارەكانی كشانەوەی بن سەلمان لە رێككەوتن، شا سەلمانی باوكیەتی، بەو پێیەی بۆچوونی لەوبارەیەوە جیاوازە.
هەروەها شازادە سعودییەكە دەیەوێت رێككەوتنەكانی بەشێوەیەك رێكبخات، بە دڵی ئیدارەی نوێی ئەمریكا و جۆ بایدن سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا بێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group