هێزێكی زۆری ئەمنی لە زیقار بڵاوەیپێكراوە و رێگری لە پێكدادانی لایەنگرانی سەدر و خۆپیشاندەران دەكەن

30/11/2020 عێراق

نەوا
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عیراق ئاشكرایكرد، بەهۆی بەردەوامی گرژیەكانەوە هێزێكی زۆر لە پارێزگای زیقاردا بڵاوەیپێكراوە و رێوشوێنە ئەمنیەكانیش بەردەوامن.
سەركردایەتی پرۆسەكانی سۆمەر پلانی بڵاوبونەوەی ئەمنی لە شاری ناسڕیەی ناوەندی پارێزگای زیقار جێبەجێكردوە و شانەی راگەیاندنی ئەمنی-یش لەبەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردوە، دوای گەیشتنی هێزی پاڵپشتی بۆ سەپاندنی یاسا و بەهێزكردنی ئاسایش و پاراستنی هاووڵاتیان و بەرژەوەندییە گشتییەكان، رێوشوێنە ئەمنییەكان پتەوتر كراون.
بەهۆی خۆپیشاندانەكان و بەردەوامی توندوتیژیەكانی پارێزگای زیقارەوە، كە بەهۆی پێكدادانی لایەنگرانی موقتەدا سەدر و خۆپیشاندەران هاتەئاراوە، دەیان كەس بونە قوربانی، رۆژی یەكشەممەش هێزێكی ئەمنی و سەربازی زۆر گەیشتنە ئەو پارێزگایە و بە فەرمانی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان بڵاوەیانپێكراوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group