حكومەتی ئێران لەگەڵ بڕیارەكەی پەرلەماندا نییە بۆ كشانەوە لە رێككەوتنی ئەتۆمی

01/12/2020 جیهان

نەوا
وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە ئاشكرا ئیسرائیل تۆمەتبار دەكات بە كوشتنی زانا ئەتۆمییەكە، رایدەگەیەنێت، ئێران بەشێوەیەكی "زۆر ئازاربەخش" وەڵامی ئەو كارە دەداتەوە، لەگەڵ بڕیارەكەی پەرلەمانی وڵاتەكەشدا نییە بۆ كشانەوە لە رێككەوتنی ئەتۆمی.
سەعید خەتیبزادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا دوپاتیكردوەتەوە، بەڵگە و سەرەداو هەن، كە ئیسرائیل موحسین فەخریزادەی كوشتووە، بۆیە هەڕەشەی ئەوەی كرد، وڵاتەكەی بەشێوەیەكی "زۆر ئازاربەخش" وەڵامی ئەو تاوانی كوشتنە دەداتەوە.
خەتیبزادە قسەشی لەسەر بڕیارەكەی پەرلەمانی ئێران كردووە بۆ كشانەوە لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی نێوان تاران و وڵاتانی 5+1، رایگەیاند، حكومەتی ئێران دژی ئەو بڕیارەی پەرلەمانی وڵاتەكەیە، چونكە بڕیارەكە دیدگای حكومەت و وەزاەرتی دەرەوەی بەهەند وەرنەگرتووە، ئەمە جگە لەوەی حكومەت زیاد لە جارێك دوپاتیكردووەتەوە، كە هەنگاوی كشانەوە لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكە پێویست و سوودبەخش نییە و دیار نییە كە هەنگاوێكی لەو شێوەیە ئامانجە خوازراوەكانی لێدەكەوێتەوە، یان نا.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group