به‌رهه‌م ساڵح سه‌روه‌ت و سامانی خۆی ئاشكرا ده‌كات

17/01/2021 عێراق

نه‌وا
بەرھەم ئەحمەد ساڵح سەرۆك کۆماری عێراق، فۆڕمی ئاشکراکردنی سەر‌وەتی خۆی بۆ دەستەی دەستپاکی پڕ کردەوە.
لەمبارەیەوە دەستەی دەستپاکی لە عێراق لە راگەیانراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە كه‌، بەرھەم ئەحمەد ساڵح لە فۆڕمێکدا کە ئاراستەی دەستەی دەستپاکی کردووە، تیایدا سەروەتی دارایی خۆی بۆ دەستەکە بەیانکردووە.
ئەمەیش دوای ئەوە دێت پێشتر مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق، فۆڕمی ئاشکراکردنی سەر‌وەتی خۆ بۆ دەستەی دەستپاکی عێراق پڕ کردبوویەوە و سەروەتی دارایی خۆی بۆ دەستەکە بەیانکردبوو.
لە راگەیاندراوەکەدا ئەوە وەبیرھێنراوەتەوە کە لە کۆتایی ساڵی 2019دا وردەکاری ھەمواری یەکەمی یاسای دەستەی دەستپاکی ژمارە 30ی بۆ ساڵی 2011 خراوتەڕوو ئەوەیش دوای ئه‌وه‌ی كه‌، ھەموارکردنەوەکە لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەران بەپێی بەندی یەکەم لە ماددەی 61 و بەندی سێ لە ماددەی 73ی دەستوور پەسەندکرابوو.
لە کۆتایی راگەیاندراوەکەدا ھاتووە: "لە ماددەی (61/یەکەم/ج) لە یاسای دەستەی دەستپاکی ئاماژە بەوەدراوە کە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران لەگەڵ سەرۆکوەزیران و وەزیرەکان لەگەڵ بەرپرسانی دیکە ناچارکراون لەوەی دەبێت سەروەتی دارایی خۆیان ئاشکرا بکەن".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group