كوتلەیەك داوای ناچاركردنی هەرێم بە رادەستكردنی 460 هەزار بەرمیل نەوت دەكات
27/02/2021
نەوا-
كوتلەیەكی پەرلەمانی عێراق داوا دەكات نرخی دۆلار بەرامبەر دینار وەك پێشوی لێ بكرێتەوە و هەرێمی كوردستانیش ناچار بكرێت رۆژانە 460 هەزار بەرمیل نەوت رادەست بكات.
كوتلەی "نەهجی نیشتمانی" لە پەرلەمانی عێراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا 40 گۆڕانكاری لە پرۆژە یاسای بودجەی 2021دا پێشكەش دەكەن و ئەوەشیان كردوە بە مەرجی دەنگدان لەسەر پرۆژە یاساكە، لە یەكێك لە بڕگەكاندا داوا دەكرێت هەرێم ناچار بكرێت رۆژانە 460 هەزار بەرمیل نەوت رادەست بكات.
لە بەشێكی گۆڕانكاریەكەدا داوا كراوە: نرخی دۆلار وەك پێشوی لێبكرێتەوە هەروەها كورتهێنانی پرۆژە یاسای بودجە 3% زیاتر نەبێت و پێشنیاری سنورداركردنی فۆڕمی خۆراك لەو خێزانانەی كە داهاتی مانگانەیان لە یەك ملیۆن دینار زیاترە رەتدەكەنەوە و داوا دەكەن بكرێتە 2 ملیۆن دینار.
بەشێكی پێشنیارەكان تایبەتن بە هەرێمی كوردستان و باس لەوەكراوە: پێویستە بڕگەی یەكەمی مادەی 11ی پرۆژە یاسای بودجە هەڵوەشێنرێنەوە كە باس شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان لە ساڵانی 2014 بۆ 2019 دەكات، سەرەڕای ئەوەی داهاتی نەوت و نانەوتی رادەست نەكردوە.
جەختلەوەشكراوەتەوە: پێویستە هەرێم ناچار بكرێت مانگانە 460 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی كۆمپانیای سۆمۆ بكات و ئەگەر بەرهەمهێنانی نەوتیشی زیادی كرد زیادەكەش رادەست بكات، ئەو بڕگەیەش هەڵبوەشێنرێتەوە كە دەسەڵاتی فیدراڵی ناچار دەكات ئەو قەرز و ئەو شایستە داراییانەی حكومەت هەیبوە لە ساڵانی 2014 تا 2019 پشكی هەرێمی كوردستان لێ بدات.