به‌رهه‌م ساڵح: دادگای باڵای فیدراڵی پارێزه‌رێكی ئه‌مینه‌ له‌سیستمی دیموكراسی

11/04/2021 عێراق

نه‌وا

سه‌رۆك كۆماری عێراق رایگه‌یاند، دادگای باڵای فیدراڵی پارێزه‌رێكی ئه‌مینه‌ له‌سیستمی دیموكراسی و پاراستنی ماف و ئازادییه‌ گشتییه‌كان و ده‌ستوور.
رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ له‌ مه‌راسیمێكدا سه‌رۆك و ئه‌ندامانی دادگای باڵای فیدراڵی له‌ به‌رده‌م به‌رھه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عیراق سوێندی ده‌ستووریان خوارد، به‌ئاماده‌بوونی دادوه‌ر فائق زێدان، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری.
دوای كۆتایهاتنی مه‌راسیمه‌كه‌ سه‌رۆك كۆمار بۆ ئه‌ندامانی دادگای باڵای فیداڵی رایگه‌یاند، عیراق هه‌نگاوێكی گرنگی بڕیوه‌ بۆ ته‌واوكردنی یه‌كێك له‌ گرنگترین دامه‌زراوه‌ ده‌ستوورییه‌كانی، ھه‌روه‌ھا ئاماژه‌شیكرد به‌وه‌ی دادگای باڵای فیدراڵی پارێزه‌رێكی ئه‌مینه‌ له‌سیستمی دیموكراسی و پاراستنی ماف و ئازادییه‌ گشتییه‌كان و زامنكردنی جێبه‌جێكردنی یاسا و پاراستنی ده‌ستوور و چاودێریكردنی یاسا و ده‌ستوور و سیسته‌می حكومڕانی.
له‌ به‌شێكی دیكه‌ی مه‌راسیمه‌كه‌دا به‌رھه‌م ساڵح رایگه‌یاند، پێكهێنانی دادگای باڵای فیدراڵی هه‌نگاوێكی گرنگ و بنه‌ڕه‌تییه‌ به‌ ئاڕاسته‌ی ته‌واوكردنی داواكارییه‌ یاسای و ده‌ستوورییه‌كان بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق، رووه‌و جێبه‌جێكردنی داواكارییه‌ نیشتمانییه‌كان و ھێنانه‌دی داوا ره‌واكانی خه‌ڵك و پێویستی ره‌خساندنی زه‌مینه‌ی له‌بار و گونجاو و زامنكردنی ھه‌ڵبژاردنه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی پاك و بێگه‌رد دوور له‌ ساخته‌كاری و فرتوفێڵ، به‌جۆرێك گوزارشت بێت له‌ خواستی راسته‌قینه‌ی ده‌نگده‌ران، له‌پێناو ھێنانه‌كایه‌وه‌ی قۆناغێكی نوێ له‌ رێگه‌ی بونیادنانه‌وه‌ی پرۆسه‌ی سیاسی و كۆتایی ھێنان به‌ قه‌یران و ناكۆكییه‌كان و زامنكردنی سه‌قامگیری و ئارامی له‌ داهاتوودا.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group