ئاوی دیجلە و فورات 50% كەمیكردووە

09/05/2021 عێراق

نەوا-
مەهدی رەشید وەزیری سەرچاوەكانی ئاوی عێراق رایگەیاند، ئاوی روبارەكانی دیجلە و فورات كە لە توركیاوە دەڕژێنە عێراقەوە 50% كەمیكردووە و ئێرانیش رێڕەوی رووبارەكانی گۆڕیوە.
مەهدی رەشید لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەداوە، روبارەكانی سەر بەنداوی دەربەندیخان گەیشتوون بە سفر  و ئەوەشی لە زابی خواروەوە دێت 70% كەمیكردووە، هەروەها ئاوی دیجلە و فورات كە لە توركیاوە دێن 50% كەمیانكردووە.
باسی لەوەشكردووە: هەواڵی ئەوەمان بەدەستگەیشتووە كە ئێران رێڕەوی رووبارەكانی گۆڕیوە، لەوانەش رووباری سیروان و هەندێك لەو ئاوانەی كە دەڕژێنە رووباری دیالەوە، ئەو كارەش لە داهاتوودا كێشە دروست دەكات، لەو بارەوە داوای كۆبونەوەمان لە ئێران كردووە بەڵام وەڵامیان نەبووە.
وەزیری سەرچاوەكانی ئاوی عێراق پێشی وایە، دابەزینی رێژەی ئاوی دیجلە لە ئێستا پلان بۆ داڕێژراوە، كار لەسەر ئەوە دەكەین و لە ئێستادا پێویستمان بەو ئاوە نییە و ئەوەی دەمانەوێت ئاوی خواردنەوەیە، وردە وردە ئاوی بەنداوەكان بەردەدەینەوە و رێژەی ئاوی رووباری دیجلە زیاد دەكات، چونكە لە ماوەی 2 هەفتەی داهاتوو ئەو كارە پێویستە بۆ وەرزی كشتوكاڵی هاوینە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group