یونیسێف: وڵاتانی دەوڵەمەند ڤاكسینە زیادەكانیان پێشكەش بە وڵاتانی هەژار بكەن

17/05/2021 جیهان

نەوا-
سندوقی منداڵانی سەر بە نەتەوەیەكگرتوەكان یونیسێف داوا لە وڵاتانی گەوروەی پیشەسازی و یەكێتی ئەوروپا دەكات ڤاكسینە زیادەكانیان لە رێگەی بەرنامەی جیهانی دابەشكردنی ڤاكسینەوە پێشكەش بە وڵاتانی كەمدەرامەت بكەن.
هێنریتا فۆر بەڕێوەبەری جێبەجێكار لە یونیسێف رایگەیاند: داوا لە حەوت وڵاتی گەورەی پیشەسازی و وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا دەكەن ئەو ڤاكسینانەی كۆرۆنا كە زیاترە لە پێویستی ناوخۆیان لە رێگەی كۆڤاكسەوە رەوانەی وڵاتانی هەژار و كەمدەرامەتی بكەن.
وتیشی، پێشكەشكردنی ڤاكسینی زیادەی وڵاتانی دەوڵەمەند هەنگاوێكی پێویستە بۆ رووبەڕووبونەوەی كۆرۆنا بە تایبەتی لە وڵاتانی هەژار و كەم دەرامەت.
ئەمەش لە كاتێكدایە بەشێكی زۆری وڵاتانی پیشەسازی و ئەوروپی بەهۆی ئەوەی زۆرینەی دانیشتوانەكانیان ڤاكسینی كۆرۆنایان پێدراوە بەرەو ئاساییكردنەوەی ژیان و كاروباری رۆژانە هەنگاو دەنێن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group