زۆرینەی ژاپۆنیەکان دژی بەڕێوەچوونی ئۆڵۆمپی تۆکیۆن

17/05/2021 وەرزش

نه‌وا
بەپێی نوێترین راپرسی زیاتر لە 80٪ هاووڵاتیانی ژاپۆنی دژی ئەوەن یارییەکانی ئۆڵۆمپی تۆکیۆ لەمساڵدا بەڕێوەبچێت.

 رۆژنامەی ئاساهی ژاپۆن ئەنجامی راپرسیەکی لە بارەی رای هاوڵاتیان لەسەر بەڕێوەچوونی یاریەکانی ئۆڵۆمپی 2021 لە هاوینی ئەمساڵ بڵاوکردەوە، كه‌ بە پێی ئەنجامەکە 43٪ی بەشداربووان لەگەڵ ئەوەدان بە تەواوەتی ئەو ئەو یاریانە هەڵبوەشێنرێتەوە و 40٪یش لەگەڵ ئەوەدان جارێکی تر بەڕێوەچوونی یارییەکانی ئۆڵۆمپی تۆکیۆ دوابخرێنەوە.
بڵاوبوونەوەی ئەنجامی ئەو راپرسیە هاوکاتە لەگەڵ دەرکردنی بڕیارەکانی حکومەت بۆ توندکردنەوەی رێکارەکانی خۆپارێزی لە شەپۆلی چوارەمی پەتای کۆرۆنا.
بە درێژایی یەک ساڵی رابردوو لە سەرجەم راپرسیەکاندا رێژەی ئەو کەسانەی لەگەڵ دواخستن و هەڵوەشاندنەوەی یارییەکانی ئۆڵۆمپی تۆکیۆدا بوو زیاتر بووە لەو کەسانەی لاریان نەبووە لە بەڕێوەچوونی یارییەکان لە دۆخی کۆرۆنادا.
ئەمەش لەکاتێکدایە رێکخەرانی ئۆڵۆمپی 2021 دڵنیایی دەدەن لەوەی بە هۆی قەدەغەی بەشداری هاندەری بیانی و پشکنینی بەردەوام و وردی کۆرۆنا بۆ یاریزانان و گرتنەبەری رێکاری توندی خۆپارێزی دەکرێت لە کەشیکی تەندروستدا ئەو یاریانە هەر لەمساڵ و لە وادەی دیاریکراودا بەڕێوەبچن.
دوای ئەوەی ساڵی رابردوو بە هۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆناوە یارییەکانی ئۆڵۆمپی تۆکیۆ دواخران، بڕیاردرا لە 23ی تەموز بۆ هەشتی ئابی ئەمساڵ ئەو یارییانە بەڕێوەبچن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group