ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری ئێران راگەیەنرا

19/06/2021 جیهان

نەوا
بەپێی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی خولی سیانزەهەمینی سەرۆکایەتی کۆماری ئێران، زیاتر لە نیوەی هاوڵاتیان بایکۆتی پرۆسەکەیان کردووە و رێژەی ئەو دەنگانەشی کە پوچەڵکراونەتەوە زیاترە لە دەنگەکانی دوو کاندید.

 وەزارەتی ناوخۆی ئێران ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری ئەو وڵاتەی بڵاوکردەوە و بە پێی ئەنجامەکە 48.8٪ی هاوڵاتیان بەشداریان لە دەنگداندا کردوە، کە ژمارەیان دەگاتە 28 ملیۆن و 933 هەزار کەس.
لەو ژمارەیە 17.9 ملیۆن کەس دەنگیان بە ئیبراهیم رەئیسی داوە واتە بە بەدەستهێنانی رێژەی 61.9٪ی دەنگەکان بووە بە هەشتەم سەرۆککۆماری ئێران.
موحسین رەزایی بە 3.4 ملیۆن دەنگ و 11.7٪ی دەنگەکان لە پلەی دووەمدایە و عەبدولناسر هیمەتی 2.4 ملیۆن دەنگ و رێژەی 11.8٪ی دەنگەکانی بۆ خۆی بردووە و لە پلەی سێهەمدایە و ئەمیر حسێن قایزادە بە نزیکەی یەک ملیۆن دەنگ واتە رێژەی 3.4٪ لە پلەی کۆتاییدایە.
ژمارەی ئەو دەنگانەشی پوچەڵکراونەتەوە 3.7 ملیۆن دەنگە واتە رێژەی 12.8٪ی دەنگەکان.
بەم پێیە لە کۆی زیاتر لە 59 ملیۆن کەس کە مافی دەنگدانیان هەبوو، نزیکەی 30 ملیۆن کەس واتە زیاتر لە نیوەی هاوڵاتیان نەچوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group