لاڤرۆڤ: پەیوەندیە دێرینەكانمان لەگەڵ تاڵیبان پەكناخەین

26/09/2021 جیهان

نەوا-
وەزیری دەرەوەی رووسیا باس لەوەدەكات، وڵاتەكەی پەیوەندیی كۆن و لە مێژینەی لەگەڵ بزووتنەوەی تاڵیباندا هەیە و بەردەوامیش دەبێت لەو پەیوەندییانە.
 سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، ئەم بارودۆخەی كە ئێستا لە ئەفغانستان روویداوە نەبووەتە هۆی ئەوەی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ تاڵیباندا پەكبخەن یان سنورداریان بكەن، چونكە بەبێ كاركردن لەگەڵ تاڵیبان بەرەوپێشچوون لە پرۆسەی سیاسیی ئەفغانستان بەدەستنایەت.
 وەزیری دەرەوەی رووسیا باسی لەوەشكرد، "مۆسكۆ پەیوەندی دێرینی لەگەڵ تاڵیباندا هەیە و ئامانج لە پەیوەندیی ئێستایان لەگەڵ تاڵیبان یەكەم بۆ دابینكردنی سەقامگیری رووسیا و ئاسایشی هاووڵاتییەكانیانە و دووەم بۆ هاندانی گفتوگۆی نێوان ئەفغانییەكانە بە مەبەستی بووژاندنەوەی پرۆسەی سیاسی لەو وڵاتە.
دوای ئەوەی لە ناوەڕاستی مانگی ئابدا تاڵیبان دەستی بەسەر كابوڵدا گرت، رووسیا یەكێك بوو لەو دەگمەن وڵاتانەی باڵیۆزخانەكەی دانەخست و دیپلۆماتەكانی لە ئەفغانستان هێشتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group