تەندروستی فەڵەستین: لە هێرشەكانی ئیسرائیلدا چوار كەس كوژراون

26/09/2021 جیهان

نەوا-
وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین رایگەیاند، لە هێرشەكانی سوپای ئیسرائیلدا بۆ سەر كەرتی خۆرئاوا لانیكەم چوار كەس كوژراون.
لە راگەیەنراوێكدا وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین ئاماژەی بەوەكردووە، لە ئەنجامی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەكانی كەرتی خۆرئاوا لە گوندی بیدوی باكوری قودس سێ كەس كوژراون و لە گوندێكی سەر بە شاری جنینیش كەسێكی تر ژیانی لەدەستداوە.
نەفتالی بێنێت، سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل سەبارەت بەو هێرشانە رایگەیاندووە، سوپای وڵاتەكەی ئۆپراسیۆنێكی بۆ سەر گروپی حەماس ئەنجامداوە، كە سەرقاڵی خۆئامادەكردبوون بۆ پەلاماردانی ئیسرائیل.
ماوەیەكە بەرپرسانی ئیسرائیل باس لەوەدەكەن حەماس كە كۆنتڕۆڵی كەرتی غەزەی بەدەستەوەیە، لە هەوڵی بەهێزكردنی پێگەی خۆیدایە لەكەرتی خۆرئاوا، كە لە ژێر كۆنتڕۆڵی دەسەڵاتی فەلەستینی بە سەرۆكایەتی مەحمود عەباسدایە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group