کازمی پەیامێک ئاراستەی هاوڵاتیانی عێراق دەکات

26/09/2021 عێراق

نەوا
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی داوای لە هاووڵاتییان کرد پەلە بکەن لە دەستخستنی کارتی دەنگدان تاوەکو بەشداریی لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەراندا بکەن.

 مستەفا کازمی لە پەیامێکدا کە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەرەوە ئاڕاستەی گەلی عێراقی کردووە، نووسیوویەتی: "داواتان لێ دەكەم پەلە بكەن لە دەستخستنی كارتی دەنگدان لەپێناو ئایندەی خۆتان و رۆڵەكانتان".
سەرۆکوەزیرانی عێراق راشیگەیاندووە "دەنگی ئێوە سپاردەیە و بە فیڕۆی مەدەن، ئەوانەی هەوڵی چاكسازیی و گۆڕانكاریی دەدەن بەرەو باشتر، دەبێت بەشدارییەكی فراوان لە هەڵبژاردندا بكەن".
مستەفا کازمی لە کۆتایی پەیامەکەیدا نووسیوویەتی: "دەنگی ئێوە ئایندەی عێراقە".
ئەم داوایەی مستەفا کازمی لە کاتێکدایە، کە ماوەی کەمتر لە دوو هەفتە ماوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجوومەنی نوێنەران، کە بڕیارە لە 10ی تشرینی یەکەمی داهاتوودا بەڕێوەبچێت.
جێی ئاماژەیە، کارتی دەنگدان کە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەوە دەدرێت بەو کەسانەی کە مافەی دەنگدانیان هەیە و کارتەکە سیمکارتێکی ئەلیکترۆنی تێدایه‌، کە زانیارییە کەسییه‌كانی تێدا جێگیرکراوە و هیچ دەنگدرێک بەبێ بوونی ئەو کارتە مافی دەنگدانی نابێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group