وەزیری تەندروستی: 69 توشبووی ئایدز لە هەرێم تۆمار كراون

01/12/2021

نەوا-
سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی رایگەیاند، لەساڵی 2021 زیاتر لە 318 هەزار پشكنین بۆ دۆزینەوەی ڤایرۆسی HIV ئایدز لە هەرێمی كوردستان كراوە، 69 حاڵەتی پۆزەتیڤ كە هەڵگری نەخۆشییەكەن دەستنیشان كراوە.
سامان بەرزنجی لە رۆژی جیهانی روبەڕوبونەوەی نەخۆشی ئایدز رایگەیاند، ئەم رۆژە پەیامێكە بەبیر حكومەتەكانی جیهان بێنێتەوە كە كێشەیەك هەیە ئەویش نەخۆشی كەمكردنەوەی بەرگری جەستەیە كە ناسراوە بەئایدز.
وتیشی، كەسانی بیانی كە دەمێننەوە و داوای ئیقامە دەكەن یەكێك لەمەرجەكان پشكنینی خوێنە بۆ دۆزینەوەی ڤایرۆسی ئایدز، هەروەها پێش هاوسەرگیری و ئەوانەی خوێن دەبەخشن ئەو پشكنینە دەكرێت، ئەوانەشی بەركەوتنیان هەبێت ساڵانە پشكنینیان بۆ دەكرێت، لەگەڵ ئەو كەسانەی لە هۆتێلەكان كاردەكەن.
وەزیری تەندروستی باسی لەوەشكرد، لە هەرێمی كوردستان لەساڵی 2021 زیاتر لە 318 هەزار پشكنین بۆ دۆزینەوەی ڤایرۆسی HIV ئایدز كراوە، 69 حاڵەتی پۆزەتیڤ كە هەڵگری نەخۆشییەكەن دەست نیشان كراوە كە 58 حاڵەتیان كەسانی بیانی بوون و تەنها 11 حاڵەت خەڵكی عیراق و هەرێمن، كۆی گشتیش 48 حاڵەت لە عیراق تۆماركراوە كە فایلی تایبەتیان هەیە و چارەسەر وەردەگرن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group