وردەكاری كوشتنی ئەفسەرەكەی سلێمانی ئاشكرا كرا

05/12/2021

نەوا-
سەركەوت عومەر بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان ئاشكرای كرد، ئەو كەسەی ئەفسەرەكەی كوشتووە و سێ‌ پۆلیسی بریندار كردووە ئەو كەسە نەبووە كە فەرمانی گرتنی هەبووە و تاوەكو ئێستاش تەقەكەرەكە و تۆمەتبارانی تریش دەستگیر نەكراون.
سەركەوت عومەر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بە رووداوی كوشتنی ئەفسەرێكی بەڕێوەبەرایەتیەكە و بریندار كردنی سێ‌ پۆلیس لەلایەن تۆمەتبارێكەوە وتی، رووداوەكە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە پێشتر ژنێك سكاڵای لەسەر هاوسەرەكەی تۆماركردبوو كە ئازاری دەدات، دەرفەتێك درا پێیان تاوەكو خۆیان كێشەكانیان چارەسەر بكەن بەڵام دوای ئەوە ئافرەتەكە پەیوەندی كردەوە و داوای كردووە بچن بە هانایەوە.
لە درێژەی قسەكانیدا وتی، دوای ئەوەی مەفرەزەكەیان گەیشتووەتە لای ماڵەكە چەند كەسێك لەوێ بوون، پێش ئەوەی لە ئۆتۆمبێلەكە دابەزن یەكێك لەو كەسانەی ناو ماڵەكە تەقەی كردووە و لە ئەنجامدا نەقیب محەمەد شەهید بووە و چەند پۆلیسێكی دیكەش برینداربوون.
سەبارەت بە دەستگیر كردنی تۆمەتباران ئاماژەی بەوەدا، تاوەكو ئێستا تەقەكەرەكە و هیچ یەكێك لە تۆمەتباران دەستگیر نەكراون، ئەو كەسەشی تەقەی كردووە ئەو كەسە نەبووە فەرمانی گرتنی هەبووە واتە هاوسەری ژنەكە نەبووە، دوو لە بریندارەكان برینەكانیان سەختە، ئۆتۆمبێلەكەش بەهۆی ئەوەی گولـلە بەر تانكی بەنزینەكەی كەوتووە ئاگری گرتووە، لە ئێستاشدا ژنەكە لە شوێنێكی پارێزراوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group