پەرلەمانتارانی سەربەخۆی عیراق دەستپێشخەریان راگەیاند

15/05/2022 عێراق

پەرلەمانتارانی سەربەخۆ لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەستپێشخەرییەكیان راگەیاندو تیایدا لە حەوت خاڵدا داواكارییەكانیان خستۆتەڕوو.
ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە كوتلەی سەربەخۆكان لە بەشێكی دەستپێشخەرییەكەیاندا رایانگەیاندوە، لە روانگەی لێپرسراوێتی نیشتمانی و مێژوییەوە نەخشەڕێگایەك دەخەنەڕوو بەپێی مادەی 76ی دەستوری عیراق و جەخت لەسەر گرنگی جێبەجێكردنی شایستە دەستورییەكان بەسەرجەم قۆناغەكانییەوە دەكەنەوە بۆ پێكهێنانی حكومەت كە كاروبارێكی ناوخۆییەو مافی هیچ لایەنێكی دەرەكی نییە دەستوەردانی تیادا بكات، هەروەها داواش لەكوتلەكاتی تر دەكەین لەگەڵماندا یەكبگرن بۆ پێكهێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی بەبێ مەرجی پێشوەختە تا پاش هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی داهاتوو راسپێردێت بەبێ فشار خستنە سەرمان لەلایەن كوتلە سیاسییەكانی ترەوەو كە كەسایەتییەكەی لە ئاستێكی بەرزدا بێت لە روی توانایی و پسپۆڕی و دەستپاكیەوە بەپێی شایستەی هەڵبژاردن كە زامنی نوێنەرایەتی پێكهاتەكان بكات. 
سەربەخۆكان راشیانگەیاندوە، تەئكید دەكەنەوە لەسەر بنبڕكردنی بەهەدەردانی سامانی نیشتمانی و دەستبردن بۆ دارایی گشتی، كە پێویستە بە دادپەروەرانە دابەشبكرێت بەسەر عیراقیەكاندا.
لەبارەی هەڵبژادنی سەرۆك كۆماری داهاتوشەوە كوتلەی سەربەخۆكان رایانگەیاندوە، پێویستە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار بەپێی ئەو بنەماو مەرجانە بێت كە لە دەستوردا نوسراوەو بەشێوەیەكی كاراش ئامادە دەبن بۆ تێپەڕاندنی دۆخی چەقبەستوی سیاسی كە ئێستا وڵاتی تێكەوتوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group