سەرۆكایەتی كۆماری عیراق وەڵامی تویتەكەی سەدری دایەوە

28/06/2022 عێراق

سەرۆكایەتی كۆماری عیراق رونكردنەوەیەكی لەسەر تویتێكی موقتەدا سەدر سەرۆكی رەوتی سەدر بڵاوكردەوە كە دەربارەی واژۆنەكردنی یاسای بەتاوانناساندنی ئاساییكردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل رایگەیاندبوو.
لە رونكردنەوەكەدا وتەبێژێك بەناوی سەرۆكایەتی كۆماری عیراقەوە بڵاویكردۆتەوە، پێشتر سەرۆكایەتی كۆماری عیراق پرۆژە یاسای بەتاوانناساندنی ئاساییكردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل وەرگرت كە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقەوە بۆی رەوانە كرابو بۆ تەواوكردنی رێوشوێنە یاسایی و دەستورییەكانی كە وەك ئەو یاسایانەی تر كە لە ئەنجومەنی نوێنەران پەسەند دەكرێن، بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق بەبێ هەبونی هیچ تێبینییەك مامەڵەی لەگەڵ یاساكەدا كردوەو لە رۆژنامەی وەقائیعی فەرمی بڵاوكراوەتەوەو لە بەرواری 20ی حوزەیرانی 2022 چۆتە بواری جێبەجێكردنەوە.
راشیگەیاندوە، تەئكید دەكەینەوە كە هەڵوێستی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق وەك دیاریشە هەڵوێستێكی چەسپاوی هەیە لە پشتیوانیكردنی مەسەلەی فەڵەستین و مافە رەواكانیاندا بۆ رزگاركردنی خاكە داگیركراوەكانیان لە ژێر دەستی داگیركەری زایۆنی كە چەندینجار لەكۆبونەوە نێودەوڵەتی و نیشتمانییەكان و كۆبونەوەی كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتوەكاندا دوبارەی كردۆتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group