وەزارەتی خوێندنی باڵا گۆڕانكاری لە خوێندنی كۆلێژە پزیشكییەكاندا دەكات

05/07/2018

نەوا – سەعید عەبدوڵڵا- هەولێر


بەمەبەستی گونجاندنی خوێندنی پزیشكی لە كوردستان لەگەڵ پێشكەوتنی زانستی پزیشكی، كۆلێژ و بەشە پزیشكییەكان سیستمی خوێندن دەگۆڕن و وەزیری خوێندنی باڵاش دەڵێت "هەم هاوكار دەبین، هەم چاودێر".
ئەمڕۆ 5-7-2018 لە شاری هەولێر كۆنفرانسی گۆڕینی سیستمی خوێندن لە كۆلێژە پزیشكییەكاندا دەستیپێكرد. لەو كۆنفرانسەدا كە تەواوی سەرۆك بەشەكانی پزیشكی و پسپۆڕانی ئەو بوارە ئامادەبون، د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئاماژەی بۆ ئەوەكرد گۆڕانكاری لە سیستمی خوێندنی پزیشكیدا، كارێكی پێویستە.
هەروەها وتیشی "ئەو سیستمەی ئێستا لە كوردستاندا دەخوێندرێت، دەبێت هاوتەریب بكرێت لەگەڵ سیستمی پێشكەوتوی خوێندنی پزیشكی و ئاستی تەكنۆلۆژیای ئێستای پزیشكی بۆئەوەی كەمترین رەخنە و كەموكوڕی لەو پزیشكانە بگیرێت، كە لە كوردستان بڕوانامەی پزیشكی بەدەستدەهێنن".
كۆنفرانسەكە ماوەی یەك رۆژ بەردەوام دەبێت و لەئێستادا یەكەم هەنگاوی ئەو گۆڕانكارییانە لە زانكۆی هەولێری پزیشكییەوە دەستیپێكردوە، بڕیاریشە كۆلێژی پزیشكی زاخۆ هەمان سیستم جێبەجێبكات.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group