دژە تیرۆر زانیاری ورد لەسەر هێرشەكانی ئێران ئاشكرا دەكات

29/09/2022

نەوا-
دژە تیرۆری كوردستان رایگەیاند، لە بۆردومانەكەی سوپای پاسدارانی ئێران كە بە چوار قۆناغ ئەنجام درا، 13 كەس گیانیان لەدەستداوە و 58ی تر بریندار بوون.
دژە تیرۆری كوردستان لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردووەتەوە سوپای پاسدارانی ئێران بە چوار قۆناغ زنجیرە هێرشێكی لە رێگەی موشەكی بالیستی و فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی بۆمبڕێژكراوەوە بۆ سەر بارەگای حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و كەمپەكانی نیشتەجێبوون كوردەكانی رۆژهەڵاتی كردووەتە ئامانج.
ئەوەش هاتووە، ‌لە هێرشەكاندا زیاتر لە 70 موشەكی بالیستی جۆری فاتح و فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی بۆمبڕێژكراو بە چوار قۆناغ ئاراستە كراون، قۆناغی یەكەم، تەنها لە رێگەی موشەك، قۆناغی دووەم، ‌‌بە موشەك و فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی بۆمبڕێژكراو، قۆناغی سێیەم‌، موشەك بە هاوكاری فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی چاودێری و قۆناغی چوارەم تەنیا لە رێگەی موشەكەوە بووە.
دژە تیرۆر جەختی لەوەش كردووەتەوە،بەهۆی ئەو هێرشانەوە تاوەكو ئێستا 13 كەس شەهید بوون كە لەنێویاندا ئافرەتی دووگیان هەن و 58 كەسی دیكەش برینداربوون كە زۆرینەیان هاوڵاتیی مەدەنین و لەنێویاندا منداڵی خوار تەمەن 10 ساڵ و قوتابی و مامۆستا و رۆژنامەوان هەن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group