پارەی گەنمی ئەمساڵ زووتر رەوانەی هەرێم دەكرێت

06/07/2018
بەوتەی بەرپرسێكی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، تا ئێستا زیاتر لە 75 هەزار تۆن گەنم لە جووتیاران وەرگیراوە و ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات ئەمساڵ پارەی گەنم زووتر دابەش دەكرێت.
نەوزاد ئەدهەم، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، رایگەیاندووە: پرۆسەی وەرگرتنی گەنم كە لە 17ی مانگی رابردووەوە دەستی پێكردووە بە باشی بەڕێوە دەچێت، ڕێكخستنێكی باش بۆ وەرگرتنی گەنم هەیە و هیچ ئۆتۆمبێلێك هاوشێوەی ساڵانی رابردوو زۆر لە چاوەڕوانیدا نامێنێتەوە.
باسی لەوەش كرد كە لەو 451 هەزار تۆن گەنمەی كە بۆ هەرێمی كوردستان دیاری كراوە، تا ئێستا زیاتر لە  75 هەزار تۆنی وەرگیراوە.
سەبارەت بە وادەی وەرگرتنی پارەی گەنمی جووتیاران نەوزاد ئەدهەم ڕوونی كردەوە كە بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، بە چوونی (مەوقفی) هەفتانە بۆ بەغدا، راستەوخۆ دوای دوو هەفتە پارەكە ڕەوانەی هەرێمی كوردستان دەكرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group