گۆڕان: دروستكردنی هێزی چەكدار لە لایەن توركیاوە ئاژاوە لە كەركوك دەنێتەوە

27/07/2018
لێپرسراوی مەكۆی كەركوكی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت، دروستكردنی هێزی چەكدار لەلایەن توركیاوە بۆ پارێزگاكەیان ئاژاوە دەنێتەوە و بە هیچ شێوەیەك خزمەت بە پێكهاتەكانی كەركوك ناكات.
ماوەیەكە باس لەوەدەكرێت توركیا هێزێكی بۆ توركمانەكانی كەركوك پێكهێناوە و راهێنانیشی پێكردوون، لەو بارەوە محەمەد نەسرەدین، لێپرسراوی مەكۆی كەركوكی بزووتنەی گۆڕان بە ئاژانسی رۆژنیوزی راگەیاندووە: "دروستكردنی هێزێك لەسەر بنەمای خێڵەكیی و مەزهەبیی و نەتەوەیی لە نێو شاری كەركوكدا بەتایبەتی بە فیتی دەوڵەتێكی داگیركەر، ئەوەی لێ دەخوێنینەوە كە ئەم هێزە جێبەجێكاری ئەجێندای توركیا دەبێت و جێبەجێكاری پرۆسەیەك دەبێت بۆخۆی ئاژاوە لە نێو كەركوكدا دەنێتەوە و دژی پێكەوەژیانی ئاشتیانەی پێكهاتەكانی كەركوك دەبێت".
لێپرسراوی مەكۆی كەركوكی بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر ئەگەری كردنەوەی بارەگای ناتۆ لەو پارێزگایە و بوونی هێزی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە شارەكە، وتی: دژی هەر دەستوەردانێكین بە تایبەتی لە لایەن دەوڵەتە هەرێمییەكانەوە، كە خاوەنی ئەجێندای تایبەت بە خۆیانن و بیانەوێ دزە بكەن لەڕێی پرۆژەیەكی نێودەوڵەتی، جا ئەوە گەر ناتۆ بێت یان هەر هێزێكی دیكەی زلهێزەكان، ئەوا ئێمە دژی دەستوەردانی وڵاتە هەرێمیەكانین".
جێی باسە سەرباری ئەوەی بەرپرسانی بەرەی توركمانی لە كەركوك رەتیانكردۆتەوە كە توركیا هێزی چەكداری بۆ ئەوان دروست كردبێت، بەڵام شوان داودی پەرلەمانتاری پێشووی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە میانی ئەڵقەیەكی پێشووتری بەرنامەی لەگەڵ رووداوەكانی رادیۆ نەوا جەختی لەوەكردەوە كە سەرجەم بەڵگەكانیان لەو بارەوە لە بەردەستدایە، بە ناو و بڕی موچەی ئەو چەكدارانەی لە توركیا راهێنانیان پێكراوە و دوای گەڕانەوەیان بۆ كەركوك وەك پاسەوان بەسەر بارەگا حزبیەكاندا دابەشبوون.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group