عالیە نوسەیف: رۆژانە پەیوەندی تەلەفونی لەنێوان مالیكی و بارزانیدا هەیە

01/09/2018 عێراق

نەوا 

عالیە نوسەیف ئەندامی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا، دەڵێت "لە ئێستادا پێگەیشتنێكی سیاسیانە هەیە لەناو بڕیاردەرانی عیراقیدا كە هیچ چارەیەكیان نییە تەنها ئەوە نەبێت بە دوو رێگەدا بڕۆن، یەكەمیان گۆڕینی بنەماكانی سیاسەتكردنیانە و دووهەمیشیان تێگەیشتنە لەوەی دەتوانن بەرپرسیارێتییەكانیان لەئەستۆبگرن".
عالیە نوسەیف لەلێدوانێكدا بۆ دەنگی ئەمریكا وتویەتی "هەوڵەكانی ئێران بۆ كۆكردنەوەی ماڵی شیعە لە عیراقدا سەری نەگرت، چونكە لایەنە شیعەكان تێگەیشتون لەوەی پاراستنی عیراقیبوونی خۆیان لە سەروو هەموو شتێكەوەیە و فشارەكانی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاش لەپێناو دانانەوەی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانە بۆ چوار ساڵی دیكە، وەك ئەوەی عیراقییەكان نەتوانن عەبادییەكی تر بەرهەمبهێنن".
سەبارەت بە كۆبونەوەكانی پارتی و یەكێتی-یش لەگەڵ دەوڵەتی یاسا، عالیە نوسەیف جەختی لەوەكردۆتەوە، لە رووی پرەنسیپەوە كورد بڕوای بەوەیە هاوپەیمانێتیكردن لەگەڵ دەوڵەتی یاسا و فەتح، جۆرێك لە ئاسودەیی و دڵنیایی و سەقامگیرییان پێدەبەخشێت، هەر بۆیە كورد بەو ئاڕاستەیەدا دەڕوات.
دەشڵێت "پەیوەندییەكان لەنێوان نوری مالیكی و مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی وەك خۆی لێهاتۆتەوە و ئەو ناكۆكیانەی پێشتر هەبوون وەها نەماونەتەوە،  دەكرێت بڵێم رۆژانە پەیوەندی تەلەفونی لەنێوانیاندا هەیە".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group