سەدام نامەیەك دەربارەی قسەیەكی جەلال تاڵەبانی بۆ كەسایەتییەك دەنێرێت

16/09/2018 عێراق

نەوا

حەسەن عەلەوی كەسایەتی سیاسیی عیراق، ناوەڕۆكی نامەیەكی سەدام حسێن دیكتاتۆری لەسێدارەدراوی عیراق ئاشكرا دەكات، كە لەزیندانەوە بۆی ناردوە و تێیدا سوپاسی كردوە، كە پەیوەندی بە وتەیەكی جەلال تاڵەبانی سەرۆك كۆماری كۆچكردوی عیراقەوە هەبوە.
عەلەوی لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی "هنا بەغداد" ئاماژەی بەوەداوە، كاتێك سەدام حسێن لە زیندان بوە، جەلال تاڵەبانی سەرۆك كۆماری پێشووی عیراق قسەی بە ساجیدە خەیروڵای هاوسەری سەدام وتوە. لەوبارەیەشەوە حەسەن عەلەوی دەڵێت "لەبەرنامەیەكی تەلەفزیۆنیەوە رەخنەم لە تاڵەبانی گرت لەسەر قسەكانی، چونكە مافی ئەو نەبوو قسە بەكەسێكی وەك ساجیدە بڵێت، كە سەرەڕای ئەوەی ژنی سەدام بوو، بەڵام لە هیچ شتێكدا بەشداری نەكردووە تەنانەت نەچوە كۆبونەوەیەكیشەوە، ئافرەتێك بوو ئابڕووی پاك بوو".


بەوتەی عەلەوی، جەلال تاڵەبانی لەوتەیەكیدا هێرشیكردۆتەسەر ساڵح موتڵەگ و وتویەتی "ساڵح موتڵەگ كێیە؟ لەگەڵ سەجودەدا دەیخواردەوە، ئەشزانن كە سەجودە كێیە" وەك ئاماژەیەك بۆ ناوی ساجیدە خەیروڵای ژنی سەدام حسێن و عەلەویش ناوهێنانی بەشێوەی "سەجودە" بەهەڵە زانیوە.
ئەو كەسایەتییە سیاسییە لەدرێژەی قسەكانیدا رونیكردۆتەوە، سەدام حسێن لە زیندانەكەیدا كە تەلەفزیۆنێكی بچوكی هەبوە، گوێی لە قسەكانی بوە، دواتر لە رێگەی خاچی سوری نێودەوڵەتییەوە نامەیەكی بۆ ناردوە و تێیدا سوپاسی كردوە، هەروەها قسەی بەخۆیشی وتبو لەسەرئەوەی لەگەڵ ئەودا كردبووی كاتێك لە دەسەڵاتدا بوە و ئەویش 25 ساڵ لە ئۆپۆزسیۆندا بوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group