نه‌وا
باڵیۆزێكى پێشووى لیبیا بۆ یه‌كه‌مجار چۆنێتى ده‌ستگیركردنى موعه‌ممه‌ر قه‌زافى سه‌ركرده‌ى پێشووى لیبیا ئاشكرا ده‌كات و ده‌ڵێت "كاتێك خۆى شاردبوه‌وه، هه‌ڵه‌یه‌كى كوشنده‌ى كرد".
محه‌مه‌د سه‌عید قه‌شات باڵیۆزى پێشووى لیبیا له سعودیه له‌گفتوگۆیه‌كى ته‌له‌فزیۆنیدا وتویه‌تى "قه‌زافى هه‌ڵه‌یه‌كى كوشنده‌ى كرد ئه‌وه‌ش بوه‌هۆى كوشتنى به‌شێوه‌یه‌كى دڕندانه".
له‌باره‌ی هه‌ڵه كوشنده‌كه‌ی قه‌زافییه‌وه، ئه‌و باڵیۆزه ده‌ڵێت "شه‌وێك هێزه‌كانى ناتۆ دواى په‌یوه‌ندییه‌كى ته‌له‌فۆنى ده‌كه‌ون، كه په‌یوه‌ندى كردبوو به كه‌ناڵێكى سوریه‌وه، ئه‌وه‌ش هه‌ڵه كوشنده‌كه‌ى قه‌زافی بو".
ئاماژه‌ى به‌وه‌شداوه، قه‌زافى 70 پاسه‌وان و وه‌زیرى به‌رگرى له‌گه‌ڵدا بوه، كاتێك هه‌ستى به‌مه‌ترسى كردووه چۆته‌ده‌ره‌وه و فڕۆكه‌یه‌كى ئه‌پاچى فه‌ره‌نسیش به‌دی كردون، كه خۆیان كردووه به‌تونێلێكی دروستكراو بۆ ئاوى لافاو.
محه‌مه‌د سه‌عید قه‌شات رونیشیكردۆته‌وه، كاتێك قه‌زافى و پاسه‌وانه‌كانى له‌لاكه‌ى دیكه‌ی تونێله‌كه‌وه ده‌رچوون، ئه‌پاچیه‌كه چاوه‌ڕێى كردوون و بۆردومانى كردوون، به‌هۆى ئه‌وه‌شه‌وه وه‌زیرى به‌رگرى و به‌شێك له‌پاسه‌وانه‌كانى كوژراون و قه‌زافیش بریندار بوه، دواتریش كه‌وته ده‌ست گه‌نجانى میسراته و به‌و شێوه دڕندانه كوشتیان.
ئه‌و دیپلۆماتكاره لیبیه ئاشكراشیكردوه، دواى كه‌وتنى قه‌زافى، سه‌روه‌ت و سامانى لیبیا له‌ناوچو، به‌جۆرێك 170 تۆن ئاڵتون ده‌ستى به‌سه‌رداگیرا و دیار نه‌ما، 170 ملیار دۆلار له‌كۆمپانیا بیانیه‌كاندا دیار نه‌مان، هه‌روه‌ها موڵكه‌كانى لیبیا له سه‌نیگال و مالى به‌نرخێكى زۆر كه‌م فرۆشران و ده‌ست به‌سه‌ر موڵكه‌كانى لیبیا له ئه‌مریكا و به‌ریتانیا و فه‌ره‌نساشدا گیرا.