وەزارەتی دارایی هەرێم بۆ عەدنان فەیحان: جێگەی سەرسوڕمانە لەو پۆستەوە داوای بڕینی مووچەی هاووڵاتییان بكەیت

2 کاتژمێر پێش ئێستا
نەوا-
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، هەرێم تەواوی پابەندییەكانی خۆی بەپێی یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵەكانی 2023، 2024 و 2025 جێبەجێ كردووە و هەمیشە ئامادەی پاكتاوی دارایی بووە.
ئاشكراشی كرد،  لە ساڵی 2025ـدا هەرێم پشكی گەنجینەی فیدراڵی ناردووە، بەڵام بەغداد تەنیا مووچەی 10 مانگی ڕەوانە كردووە و مووچەی مانگەكانی تشرینی دووەم و كانوونی یەكەمی فەرمانبەرانی هەرێمی نەناردووە، لە كاتێكدا فەرمانبەرانی دیكەی عێراق لەو دوو مانگەدا مووچەیان وەرگرتووە.
سەبارەت بە داهاتی پێنج مانگی یەكەمی ساڵی 2026، وەزارەتی دارایی ڕوونی كردەوە كە پشكی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی ڕادەست كراوە. 
ئاماژەی بەوەش كرد كە لە مانگەكانی ئازار و نیساندا بەهۆی بارودۆخی شەڕ لە ناوچەكە و ئاستەنگەكانی جێبەجێكردنی سیستەمی گومرگیی ئەسیكۆدا، داهاتی نانەوتیی هەرێمی كوردستان كەمبووەتەوە، كەچی ئەم دۆخە وەك كارتێك بۆ ئابڵۆقەی ئابووری لە دژی هەرێمی كوردستان بەكارهێنراوە و كراوەتە هۆكارێك بۆ نەناردنی شایستە داراییەكان.
وەزارەتی دارایی ئاشكرای كرد، لەگەڵ حكومەتی پێشوو ڕێككەوتن هەبووە كە 50%ـی داهاتەكان بنێردرێت، بەڵام لایەنی فیدراڵ لە دەركردنی بڕیاری كۆتایی لەسەر سیستەمی ئەسیكۆدا خەمسارد بووە. وەزارەتی دارایی هەرێم، ڕەخنەی لە عەدنان فەیحان گرت كە لەبری داكۆكیكردن لە مافی مووچەخۆران، پشتگوێی لە كێشەی خەرجیی ڕاستەقینە كردووە، كە بە شێوازێكی چەوسێنەرانە تەنیا بەسەر هەرێمدا دەسەپێنرێت و بووەتە هۆی نەناردنی پشكەبودجەی كوردستان بە تەواوی و بێبەشكردنی فەرمانبەران لە مووچەكانیان.
وەزارەتی دارایی هەرێم جەختی كردەوە كە جێگەی سەرسوڕمانە كەسایەتییەك لە پۆستی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەماندا بێت و لەبری چەسپاندنی یەكسانی، داوای بڕینی مووچەی چینێكی هاووڵاتییانی دەوڵەت بكات. وەزارەت دووپاتی كردەوە كە ئەركی سەرەكیی ئەو پۆستە پاراستنی مافی سەرجەم عێراقییەكانە بەبێ جیاوازی، نەك دروستكردنی ئاستەنگ لەبەردەم بژێویی فەرمانبەران و بەكارهێنانی قوتی خەڵك بۆ ململانێی سیاسی.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group