كورد له‌ پێكهێنانى لیژنه‌كانى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانی عیراقدا یه‌كڕیز نابێت

11/10/2018 عێراق

نه‌وا

نوێنه‌رێكی كورد له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق پێیوایه‌، كورد له‌ پێكهێنانی لیژنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراقیشدا یه‌كڕیز نابێت.
رۆژی پێنجشه‌ممه‌ له‌ به‌رنامه‌ی "ئاراسته‌"ی رادیۆ نه‌وادا، رائید فه‌همى ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عیراق له‌ فراكسیۆنی سائیرون ئاماژه‌ى به‌ رێكاره‌ یاساییه‌كانى پێكهێنانى لیژنه‌كانى په‌رله‌مان و دابه‌شكارى له‌نێوان پێكهاته‌كان كرد.
وتیشى "سه‌باره‌ت به‌ سه‌رۆكایه‌تى لیژنه‌كان و جێگره‌كانیان و بڕیارده‌ره‌كان، به‌پێى دابه‌شكارییه‌كى دیاریكراو ده‌بێت به‌سه‌ر فراكسیۆنه‌كاندا، پێوه‌ریش بۆ ئه‌وه‌ به‌پێى زۆرینه‌ى رێژه‌ى كورسى و قورسیانه‌ له‌ناو ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌راندا".
هه‌ر له‌به‌رنامه‌كه‌دا، دانا جه‌زا ئه‌ندامى فراكسیۆنى پارتى دیموكراتى كوردستان له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عیراق ئاماژه‌ى به‌وه‌دا، كه‌ پێشبینى ده‌كه‌ن سه‌رۆكایه‌تى دوو لیژنه‌ و جێگرى سه‌رۆكى دوو لیژنه‌ى دیكه‌ له‌لایه‌ن فراكسیۆنه‌كه‌یانه‌وه‌ وه‌ربگرن و له‌ به‌شى زۆرى لیژنه‌كانیشدا ئه‌ندامیان هه‌بێت. وتیشى "گرنگترین كارى په‌رله‌مانى، كاری لیژنه‌كانن".
سه‌باره‌ت به‌ هه‌نگاوى یه‌كه‌مى نوێنه‌رانى كورد له‌ به‌غداش، دانا جه‌زا وتى "هه‌نگاوى یه‌كه‌مى گرنگ پرۆژه‌یاساى بودجه‌ى 2019 و پاشان ئاساییكردنه‌وه‌ى بارودۆخى كه‌ركوك و دواتر مافى پێشمه‌رگه‌ و جوتیارانه‌ و ده‌بێت كار بۆ چاره‌سه‌ركردنیان بكرێت".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group