دەنگۆی دەستوەردانی ئەمریكا لە پڕۆژەیەكی بەڵێندەرایەتی عێراق بڵاودەكرێتەوە

19/10/2018 جیهان
بانگەشەی ئەوە دەكرێت كە ئەمریكا دەستی وەرداوەتە نێو پڕۆژەیەكی بەڵێندەرایەتی حكوومەتی عێراق لە بواری وزە بە بڕی 15 ملیار دۆلار. 
بەپێی ئەو ھەواڵانەی كە لە راگەیاندنەكانی ئەمریكا بە پشتبەستن بە زانیارییەكانی بەرپرسێكی باڵا بڵاوكراوەتەوە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ دەستی وەرداوەتەوە نێو پڕۆژەیەكی كەرتی وزەی حكوومەتی عێراق. 
كۆمپانیای سیمینسی ئەڵمانیا بەمەبەستی دروستكردنی وێستگەیەكی كارەبا بەمەبەستی زیاتركردنی 11 گێگاوات لە ماوەی چوار ساڵی داهاتوو لە عێراق، لە مانگی ئەیلولی رابردوو گەیشتبووە قۆناغی كۆتایی رێككەوتن لەگەڵ حكوومەتی عێراقی. 
بانگەشەی ئەوە دەكرێت كە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لە دواسات دەستی وەرداوەتە نێو ئەو پڕۆژەیە و توانیوێتی حكوومەتی عێراقی رازی بكات بەوەی ئەو پڕۆژەیە كە بەهاكەی 15 ملیار دۆلارە بداتە كۆمپانیای جەنەرال ئەلیكتریكی ئەمریكی نەك كۆمپانیای سیمینسی ئەڵمانی. 
لە ھەواڵەكەدا راشگەیەنرا كە بەرپرسانی ئەمریكی هۆشداریان داوەتە سەرۆكوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی بەوەی كە ئەگەر ئەو پڕۆژەیە بداتە كۆمپانیای سیمینس ئەوا پەیوەندی نێوان ئەمریكا و عێراق دەچێتە دۆخی مەترسییەوە. بەمەش حەیدەر عەبادی رێككەوتنەكەی لەگەڵ كۆمپانیای جەنەڕال ئەلیكتریك واژوو كردووە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group