سعودیە كوژرانی جەمال خاشقچی پشتڕاستكردەوە

20/10/2018 جیهان

نەوا

دەسەڵاتدارانی سعودیە دانیان نا بە كوشتنی جەمال خاشقچی رۆژنامەنوس و نوسەر لە ناو كونسوڵخانەكەیان لە ئیستانبوڵی توركیا، هۆكارەكەشی بۆ شەڕ و دەمەقاڵێ و روبەڕوبونەوە دەگەڕێننەوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە راگەیەندراوێكی فەرمیدا، سعودیە كوژرانی خاشقچی پشتڕاستكردەوە و ئاشكراشیكرد، 18 هاووڵاتی سعودی بەهۆی روداوەكەوە، لە شاری ئیستانبوڵ دەستگیركراون. 
هەروەها بەپێی بڕیارنامەی شانشینی سعودیە، ئەحمەد عەسیری جێگری سەرۆكی هەواڵگریی گشتی سعودیە لە كارەكەی دورخرایەوە. ئەوەش راگەیەندراوە، پێدانی زانیاری لەسەر كەسانی گومانلێكراو لەلایەن بەرپرسانی توركیاوە، هاوكار بووە لە ئاشكراكردنی روداوەكە. 
هەر لەو چوارچێوەیەدا ئەنتۆنیۆ گوتەرێس سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاند، زۆر غەمبارە بە گیانلەدەستدانی جەمال خاشقچی و بانگهێشتی ئەنجامدانی لێكۆڵینەوەیەكی خێرا، شەفاف و فراوانی كرد.
لەلایەن خۆیەوە دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا لەبارەی لێدوانەكانی سعودیە پەیوەندیدار بە كوژرانی خاشقچی وتی "هەندێك پرسیار لە سعودیەكان دەكەین و جۆرێك لە سزایان بەسەردا دەسەپێنین".

ترامپ لەلێدوانێكدا جەختیكردەوە، لە دوای روداوی كوژرانی خاشقچی، پارێزگاری لە رێككەوتنی فرۆشتنی چەك بە سعودیە دەكەن، بەڵام رایگەیاند "جۆرێك لە سزا" بەسەر سعودیەدا دەسەپێنن.
لەلایەن خۆیەوە سارا ساندەرس وتەبێژی كۆشكی سپی لەبارەی كوژرانی رۆژنامەنوسە سعودیەكە وتی "غەمبارین بەوەی گیانلەدەستدانی خاشقچی پشتڕاستكرایەوە".
وتەبێژی كۆشكی سپی راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تێیدا وتویەتی "بەردەوام دەبین لە چاودێریكردنی لێكۆڵینەوە نێودەوڵەتییەكان لەبارەی ئەو رووداوە تراژیدییە". 

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group