واشنتۆن پۆست: كوا تەرمی جەمال خاشقچی؟

20/10/2018 جیهان

نەوا
كارین عەتیە هەواڵساز و سەرپەرستیاری بەشی وتار لەرۆژنامەی واشنتۆن پۆست دەڵێت "ئەو رونكردنەوەیەی سعودیە لەسەر كوشتنی جەمال خاشقچی نوسەر و رۆژنامەنوس داویەتی، قسەی پوچ و بێمانایە".
عەتیە كە پێداچونەوەی بە وتارەكانی خاشقی دەكرد لە واشنتۆن پۆست، نوسیویەتی "بەهۆی ئەو راپۆرتەی ئاژانسەكانی هەواڵی سعودیە لەسەر كوشتنی جەمال خاشقچی بڵاویانكردۆتەوە و گوایە لەكاتی دەمەقاڵێ و دروستبوونی شەڕ بەهەڵە لەناو كونسوڵخانەی سعودیە لە ئیستانبوڵ كوژراوە، دووبارە توڕەم".
ئاماژەی بەوەشداوە، ئەوەی رقی لێیەتی بەیاننامەكە لەسەر روداوێكی نادیار داڕێژراوە و گوایە روداوێك بوە و رویداوە، بەڵام خاشقچی بەهۆی روداوێكەوە نەمردوە، بەڵكو لەسەردەستی پیاوانی سعودیە كۆتایی بەژیانی هێنراوە.
كارین عەتیە باس لەوەشدەكات، رونكردنەوەكەی سعودیە لەبارەی خاشقچی پێش ئەوەی چەندین پرسیار بەدوای خۆیدا بهێنێت، سوكایەتییە، چی بەسەر تەرمەكەیدا هات؟ بۆچی درۆیان كرد و وتیان لە كونسوڵخانەكە دەرچوە؟ چ بەڵگەیەكیان هەیە بیسەلمێنێت لە دەمەقاڵێدا كوژراوە؟. 
دوای زیاتر لە دوو هەفتە لەدیارنەمانی جەمال خاشقچی لە كونسوڵخانەی سعودیە لەشاری ئیستانبوڵی توركیا، لێكۆڵەرەوانی توركی تەئكیدیان دەكردەوە خاشقچی لەناو كونسوڵخانەكە لەلایەن چەند كەسێكەوە كە تایبەت لە سعودیەوە چون، كوژراوە و تەرمەكەی پارچە پارچە كراوەو شاردراوەتەوە، بەڵام بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەبەیاننامەیەكدا دەسەڵاتدارانی سعودیە رایانگەیاند، خاشقچی بەهەڵە و لەكاتی دەمەقاڵێ لەناو كوسوڵخانەكەدا كوژراوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group